Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
یونس 2
نزای یونس
یونس لەناو سکی ماسییەکەوە نزای بۆ یەزدانی پەروەردگاری خۆی کرد، گوتی:
«لە تەنگانەمدا هاوارم بۆ یەزدان کرد،
وەڵامی دامەوە.
لەناو سکی جیهانی مردووانەوە هاوارم کرد،
گوێت لە دەنگم بوو.
فڕێتدامە قووڵایی،
لەناو جەرگەی دەریاکان،
لافاو دەوری دام،
شەپۆلەکانت بە لێشاو
دایانپۆشیم.
گوتم: ”لەبەرچاوت دەرکرام،
بەڵام دەگەڕێمەوە
بۆ تەماشاکردنی پەرستگای پیرۆزت.“
ئاو دەوری دام، تاکو ئەوەی ترس گەیشتە گیانم،
قووڵایی دەوری گرتم،
گیای دەریا لەسەرم ئاڵا.
هەتا بنی چیاکان شۆڕ بوومەوە،
بۆ هەتاهەتایە لە زەوی بەندی کردم.
ئەی یەزدانی پەروەردگارم،
بەڵام تۆ ژیانی منت لە جیهانی مردووان هێنایە دەرەوە.
«ئەی یەزدان، کاتێک گیانم شەکەت بوو،
تۆم بیرکەوتەوە،
نزاکەم گەیشتە لات،
بۆ پەرستگای پیرۆزت.
«ئەوانەی بتی پووچ دەپەرستن
لە خۆشەویستی خودا بۆ خۆیان هەڵدەگەڕێنەوە.
بەڵام من بە دەنگی ستایشەوە
قوربانیت بۆ سەردەبڕم،
ئەوەی نەزرم کردووە بەجێی دەهێنم.
ڕزگاری لە یەزدانەوەیە.»
ئینجا یەزدان فەرمانی بە ماسییەکە دا، ئەویش ڕشایەوە و یونسی فڕێدایە سەر وشکانی.
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.