Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

ئەیوب 7

«ئایا ژیانی مرۆڤ لەسەر زەوی خزمەتکردن و ڕەنجکێشان نییە،

ڕۆژانیشی وەک ڕۆژانی ڕەنجدەرێک نییە؟

وەک چۆن کۆیلە تامەزرۆی سێبەرە و

کرێکاریش چاوەڕێی کرێیەکەیەتی،

ئاواش مانگەکانی بێ ئومێدی بۆم بوون بە میرات و

شەوانی چەرمەسەری بوون بە بەشم.

کە دەچمە سەر جێگاکەم دەڵێم: ”کەی بێت هەستم،“

شەو درێژە دەکێشێت و هەتا بەرەبەیان ئەم دیو و ئەو دیو دەکەم.

گۆشتم کرم و قەتماغە پۆشیویەتی،

پێستم شەقار بووە و کێمی کردووە.

«ڕۆژگارم لە تەون خێراترە و

بێ هیوا کۆتایی دێت.

ئەی خودا، لە یادت نەچێت کە ژیانم هەناسەیەکە و

ئیتر چاوەکانم خۆشی نابینن.

ئەو چاوەی کە ئێستا دەمبینێت لەمەودوا نامبینێت،

چاوت بڕیوەتە من، بەڵام من بوونم نابێت.

هەور پەرت دەبێت و نامێنێت،

بە هەمان شێوە ئەوەی دادەبەزێتە ناو جیهانی مردووان سەرناکەوێتەوە.

ئیتر ناگەڕێتەوە ماڵەکەی خۆی و

دەوروپشتی لە یادی دەکەن.

«لەبەر ئەوە منیش دەمم ناگرم،

لە تەنگی ڕۆحمەوە قسە دەکەم،

لە دڵشکاویمەوە سکاڵا دەکەم.

بۆچی پاسەوانت لەسەر داناوم؟

ئایا من دەریام یان ئەژدیهام؟

ئەگەر بڵێم نوێنەکەم دڵنەواییم دەداتەوە،

جێگاکەم دڵتەنگییەکەم دەڕەوێنێتەوە،

بە خەون دەمترسێنیت و

بە مۆتەکە دەمتۆقێنیت.

لەبەر ئەوە گیانم خنکان هەڵدەبژێرێت،

مردنم پێ باشترە لەم پەیکەرە ئێسکە.

توامەوە، بۆ هەتاهەتایە ناژیم،

وازم لێ بهێنە، چونکە ڕۆژگارم هیچ واتایەکی نییە.

«مرۆڤ چییە هەتا بایەخی پێبدەیت و

هەتا بیری خۆتی پێوە خەریک بکەی،

هەموو بەیانییەک بەسەری بکەیتەوە و

هەموو ساتێک تاقی بکەیتەوە؟

هەتا کەی ڕووت لێم وەرناگێڕیت و

مۆڵەتم نادەیتێ هەتا تفەکەم قووت بدەم؟

ئەگەر گوناهیشم کردبێت،

کە تۆ چاودێری مرۆڤیت،

ئایا هیچ کاردانەوەیەکی لەسەر تۆ هەبووە؟

بۆچی منت کردووە بە نیشانەی تیری خۆت؟

ئایا بووم بە بار بەسەر تۆوە؟

ئەی بۆ لە یاخیبوونم خۆش نابیت و

تاوانم ناسڕیتەوە؟

چونکە بەم نزیکانە لەناو خاکدا ڕادەکشێم و

بەدوامدا دەگەڕێیت، بەڵام من بوونم نابێت.»

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.