Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

ئەیوب 6

قسەی دووەمی ئەیوب

ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:

«خۆزگە دەتوانرا خەم و پەژارەکەم بکێشن و

هەموو دەرد و بەڵاکەم بخەنە تای تەرازووەوە!

بێگومان لە لمی دەریا قورستر دەبوو،

لەبەر ئەوە بە هەڵەشەیی قسەم کرد.

تیرەکانی خودای هەرە بەتوانا لە مندان و

ڕۆحم لە ژەهراوەکەیان دەخواتەوە؛

بەڵا تۆقێنەرەکانی خودا لە دژی من ڕیزیان بەستووە.

ئایا کەرەکێوی کە گیای هەبێت دەزەڕێنێت،

یان گا لەسەر ئالیکەکەی دەقۆڕێنێت؟

ئایا خواردنێکی بێ تام بەبێ خوێ دەخورێت،

یان لینجاوی پاڵپینە تامی هەیە؟

من قێز لەو خواردنانە دەکەمەوە،

نەفسم ڕەتیان دەکاتەوە دەستیان لێ بدەم.

«خۆزگە داواکارییەکەم دەهاتە دی و

ئەوەی چاوەڕێم دەکرد خودا پێی دەدام،

کە خودا ڕازی بێت وردوخاشم بکات و

دەستی لێم بکاتەوە تاوەکو ژیانم ببڕێتەوە!

هەرچەندە ئازارەکانم دەستم لێ ناپارێزن،

بەڵام هەتا ئێستاش دڵنەواییەکەم ئەمەیە،

کە نکۆڵیم لە وشەکانی خودا پیرۆزەکە نەکردووە.

«هێزی من چییە هەتا چاوەڕوان بم و

کۆتاییم چییە هەتا دانبەخۆمدا بگرم؟

ئایا هێزم هێزی بەردە؟

یان گۆشتم بڕۆنزە؟

سەرکەوتن لە من دوور کەوتووەتەوە،

ئایا هیچ لە دەسەڵاتی مندا هەیە؟

«ئەگەر کەسێک خۆشەویستی بۆ هاوڕێکەی دەرنەبڕێت،

ئەوا ڕێزی خودای هەرە بەتواناشی نەگرتووە.

بەڵام براکانم وەک جۆگەی ئاو پشتیان لێکردم،

وەک جۆگەی ناو دۆڵەکان پڕن و بەسەر کەنارەکانیاندا دەڕژێن.

کاتێک لێڵن لەبەر شەختە

بەفر تێیاندا دەتوێتەوە،

بەڵام کە دەڕۆن کۆتاییان پێ دێت،

کە گەرما داهات لە شوێنی خۆیان وشک دەبن.

کاروانەکان لە ڕێگای خۆیان لا دەدەن،

دەچنە ناو چۆڵەوانی و لەناودەچن.

کاروانەکانی تێما بۆی دەگەڕێن،

بازرگانەکانی شەبا هیوادارن کە بیدۆزنەوە،

کە هاتنە لای بێ ئومێد بوون،

بێزار بوون، چونکە متمانەیان پێی کردبوو.

ئێستا ئێوەش وەک ئەوتان لێهاتووە، سوودتان نییە،

بینیتان کە چیم بەسەرهاتووە ئێوە تۆقین.

ئایا هیچ کاتێک پێم گوتن: ”لە پێناوی من شتێک بدەن،

بە سامانی خۆتان بمکڕنەوە،

لە دەستی دوژمن دەربازم بکەن،

لە دەستی ستەمکار بمکڕنەوە؟“

«فێرم بکەن، من بێدەنگ دەبم،

تێمبگەیەنن لە چ شتێک گومڕا بووم!

ئای، قسەی ڕاست چەند بریندارکەرە!

بەڵام ئەو بەڵگانەی کە دەیانهێننەوە چی دەسەلمێنن؟

ئایا لەسەر قسەکانم سەرزەنشتم دەکەن،

ئەوەی دەیڵێم بە با دەڕوات؟

بەڵکو ئێوە هەتیو دەفرۆشن و

چاڵ بۆ هاوڕێی خۆتان هەڵدەکەنن.

«ئێستا باش تێم بڕوانن،

چونکە من لە ڕووی ئێوەدا درۆ ناکەم.

تکایە پاشگەز بنەوە! ستەمم لێ مەکەن،

ئەگینا ڕاستودروستییەکەم دەخەنە گومانەوە.

ئایا بەدکاری لەسەر زاری منە،

یان زمانم تامی خراپەکاری جیا ناکاتەوە؟

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.