Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

ئەیوب 16

قسەی پێنجەمی ئەیوب

ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:

«زۆرم لەمانە گوێ لێ بووە،

هەموو دڵنەواییەکەتان بریندارکەرن!

ئایا قسەی پووچ کۆتایی هەیە؟

یان چی دەتوروژێنێت هەتا وەڵام بدەیتەوە؟

منیش وەک ئێوە قسەم دەکرد،

ئەگەر ئێوە لە جێی من بوونایە؛

قسەم بۆ دەگێڕانەوە و

سەرم لە ئاستتان دەلەقاند.

بەڵام بە دەم هانم دەدان و

جوڵەی لێوەکانم ڕایدەگرتن.

«ئەگەر قسە بکەم لە خەمۆکیەکەم کەم نابێتەوە،

ئەگەر بێدەنگیش بم لێم دوور ناکەوێتەوە.

ئەی خودایە، بێگومان تۆ بێزارت کردووم،

هەموو کەسوکارەکەی منت لەناوبردووە.

سستت کردم، سستییەکەم بووە شایەت،

لاوازییەکەم لێم هەستاوە، بەرەوڕوو شایەتیم لەسەر دەدات.

تووڕەییەکەی پەلاماری دام و منی چەوساندەوە،

ددانەکانی لێم جیڕکردەوە،

دوژمنەکەم چاوی تێبڕیوم.

خەڵک دەمیان لێ داچەقاندووم،

بە گاڵتەپێکردنەوە زللەیان لێدەدام،

پێکەوە گەلەکۆمەیان لێکردم.

خودا منی دایە دەست زۆردار و

فڕێیدامە نێو دەستی خراپەکارەوە.

من ئاسوودە بووم و ئەو جێی لەق کردم،

پشتەملی گرتم و وردوخاشی کردم.

منی کرد بە نیشانی خۆی؛

تیرهاوێژەکانی دەوریان دام.

جەرگی بڕیم و دڵی نەسووتا،

زراوی منی بەسەر زەویدا ڕشت.

جار لەدوای جار شەقم دەکات،

وەک جەنگاوەرێک هێرش دەکاتە سەرم.

«جلوبەرگی گوشم1 بە پێستمەوە دووری و

خۆڵەمێشم بە سەری خۆمدا کرد.

دەموچاوم لەبەر گریان سوور هەڵگەڕا و

ڕەشی بەسەر پێڵوی چاومدا هات.

لەگەڵ ئەوەی زۆرداری لە دەستی مندا نییە و

نوێژەکەم بێگەردە.

«ئەی زەوی، خوێنەکەم دامەپۆشە،

با جێیەک نەبێت بۆ هاوارم!

ئەوەتا لە ئێستاوە شایەتەکەم لە ئاسمانە،

پارێزگارەکەم لە بەرزاییەکانە،

ئەو هاوڕێمە و داکۆکیم لێ دەکات.

کاتێک لەبەردەم خودا چاوەکانم فرمێسک دەڕێژن،2

ئەو لە پێناوی پیاوێک لە خودا دەپاڕێتەوە،

وەک پاڕانەوەی کەسێک بۆ هاوڕێکەی.

«تەمەنم کورتە و بەسەردەچێت،

لە ڕێگایەکدا دیلم کە لێی ناگەڕێمەوە.

Source notes (2)
  1. Footnote لە کاتی ماتەمگێڕان و تۆبەکردندا جلوبەرگی لە گوش دروستکراویان لەبەرکردووە کە ئەزیەتی پێستیانی داوە.‏
  2. Footnote لە هەندێک وەرگێڕانەکان دەگوترێت: هاوڕێیەکانم گاڵتە پێم دەکەن.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.