Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

ئەیوب 15

وەڵامی دووەمی ئەلیفاز

ئەلیفازی تێمانیش وەڵامی دایەوە:

«ئایا کەسی دانا بە نەزانی وەڵام دەداتەوە و

مێشکی بە شتی هیچوپووچ پڕ دەکات؟

ئایا بە قسەی بێ سوود بەڵگە دێنێتەوە و

بەو لێدوانانەی قازانجی لێ ناکات؟

بەڵام تۆ لەخواترسی پێشێل دەکەیت و

خەڵک لە خواپەرستی دوور دەخەیتەوە.

بێگومان گوناهەکانت دەمت فێر دەکەن و

زمانی تەڵەکەبازی هەڵدەبژێریت.

زمانی خۆت تاوانبارت دەکات، نەک من،

لێوەکانت لە دژت شایەتی دەدەن.

«ئایا تۆ یەکەم مرۆڤ بوویت لەدایک بوویت؟

یان لەپێش گردەکانەوە دروستبوویت؟

ئایا لە ئەنجومەنی خودا1 گوێت گرتبوو؟

ئایا داناییت بە باڵای خۆتدا بڕیوە؟

چی دەزانیت کە ئێمە نایزانین،

چی تێدەگەیت کە لەلای ئێمە نەبێت؟

پیر و ڕیش سپی وامان لەناودایە،

تەمەنی لە باوکت زیاترە.

ئایا دڵنەواییەکانی خودا و

بە نەرمی قسەکردن لەگەڵت کەمە؟

بۆچی دڵت دەتبات و

بۆچی چاوەکانت دەبریسکێنەوە،

بۆ ئەوەی ڕۆحت لە دژی خودا وەربگێڕیت و

قسەی وا لە دەمت بهێنیتە دەرەوە؟

«مرۆڤ کێیە هەتا بێگەرد بێت و

لەدایکبوو لە ژن کێیە هەتا ڕاستودروست بێت؟

ئەگەر خودا متمانە بە پیرۆزەکانی خۆی ناکات،

کەواتە ئاسمان لەبەرچاوی بێگەرد نییە،

ئیتر مرۆڤ کە ناڕەوایی وەک ئاو دەخواتەوە

دەبێت چەند قێزەون و گەندەڵ بێت؟

«من پێت دەڵێم گوێم لێ بگرە،

باسی ئەوە دەکەم کە بینیم،

ئەوەی دانایان لە باوباپیرانیانەوە پێیان ڕاگەیەنراوە و

ئەوانیش نەیانشاردووەتەوە،

ئەوانەی خاکەکە تەنها بەوان دراوە و

هیچ نامۆیەک بەناویاندا تێنەپەڕیوە.

بەدکار ڕۆژانە دەتلێتەوە،

ژمارەی ساڵانی ستەمکاریش دیاریکراوە.

دەنگێکی ترسناک لە گوێیەکانیەتی و

لە ساتی ئاشتیدا تێکدەر بۆی دێت.

لەو باوەڕەدا نییە لە تاریکی دەگەڕێتەوە؛

چاوەڕوانی شمشێرە.

ئەو وێڵە و دەبێتە نێچیری سیسارکە کەچەڵ،

دەزانێت کە ڕۆژی تاریکی نزیکە.

تەنگانە و ئازار دەیتۆقێنن و

بەسەریدا زاڵن وەک پاشایەکی ئامادە بۆ پەلاماردان،

چونکە بە تووڕەییەوە دەستی لە خودا ڕادەوەشێنێت،

لە دژی خودای هەرە بەتوانا پاڵەوانیێتی نواند،

بە کەللەڕەقییەوە بەرەو ئەو ڕایکرد

بە قەڵغانە ئەستوور و بەهێزەکەیەوە.

«هەرچەندە دەموچاوی بە چەوری داپۆشی و

ناوقەدی خۆی بە پیو2 ئەستوور کرد،

بەڵام لە شارۆچکەی کاولبوو نیشتەجێ دەبێت،

لەو ماڵانەی کەسی تێدا ناژیێت و

خەریکن دەبنە کەلاوە.

لەمەودوا دەوڵەمەند نابێت و سامانەکەی جێگیر نابێت،

دەستکەوتی لەناو زەویدا بەرفراوان نابێت.

لە تاریکی دەرباز نابێت،

کڵپەی گڕێک پۆپکەکانی وشک دەکات و

بە فووێکی دەمی نامێنێت.

جێی باوەڕ نابێت

بە شتی پووچ وێڵ دەبێت،

چونکە شتی پووچ دەبێت بە کرێیەکەی.

پێش ئەوەی ڕۆژی خۆی تەواو بێت،

دەفەوتێت و گەڵاکەی سەوز نابێت.

وەک ترێ پەسیرەکانی3 دەکەوێت و

وەک زەیتوون گوڵەکەی هەڵدەوەرێت.

کۆمەڵی خوانەناسان چۆڵوهۆڵ دەبێت،

ئاگریش ڕەشماڵی بەرتیلخۆران دەسووتێنێت.

بە ئاژاوە دووگیان بوون و خراپەیان بۆ لەدایک دەبێت،

سکیان پیلانی فێڵ و درۆ پێکدەهێنێت.»

Source notes (3)
  1. Footnote هەندێک لە فریشتەکان لەبەردەم خودا ئامادە دەبن، خودا لە فەرمایشت و فەرمانەکانی دەکرێ ڕاوێژیان پێ بکات و گفتوگۆیان لەگەڵ بکات.‏
  2. Footnote پیو: واتا بەز.‏
  3. Footnote بەرسیلەکانی.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.