Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

ئیشایا 65

دادوەری و ڕزگاری

«من دەرکەوتم بۆ ئەوانەی کە داوای منیان نەکرد،

دۆزرامەوە لەلایەن ئەوانەی بەدوامدا نەگەڕان.

بە نەتەوەیەک کە بە ناوی منەوە نزا ناکەن،

فەرمووم: ”ئەوەتام! ئەوەتام!“

بە درێژایی ڕۆژ دەستم

بۆ گەلێکی کەللەڕەق ڕاگرت،

بە ڕێگایەکدا دەڕۆن باش نییە،

بەدوای بیرکردنەوەی خۆیان دەکەون.

گەلێک بەردەوام

بەرەو ڕووم پەستم دەکەن،

گەلێک لەناو باخچەکان قوربانی سەردەبڕێت،

لەسەر قوربانگا خشتەکان بخوور دەسووتێنێت،

ئەوەی لەنێو گۆڕەکان دادەنیشێت،

لە گۆڕستانەکان شەو بەسەردەبات،

گۆشتی بەراز دەخوات و

لەناو قاپوقاچاغەکەی گۆشتاوی گڵاو هەیە.

دەڵێت: ”لە شوێنی خۆت ڕابوەستە، لێم نزیک مەکەوە،

چونکە من لە تۆ پیرۆزترم!“

ئەوانە دووکەڵن لە لووتی مندا،

ئاگرێکن کە بە درێژایی ڕۆژ داگیرساوە.

«ئەوەتا لەبەردەمم نووسراوە:

بێدەنگ نابم، بەڵکو بە تەواوی پاداشت دەدەمەوە،

سزای خۆیان دەخەمە بەردەستیان،

لەبەر تاوانەکانتان و تاوانی باوباپیرانتان پێکەوە،»

یەزدان دەفەرموێت.

«لەبەر ئەوەی ئەوانە لەسەر چیاکان قوربانییان سووتاند و

لەسەر گردەکان سووکایەتییان بە من کرد،

کردەوەکانی پێشوویان دەپێومەوە و

سزای خۆیان بەسەردا دەسەپێنم.»

یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«وەک ئەوەی لە هێشوودا شەرابی نوێ هەیە،

جا دەگوترێت: ”مەیفەوتێنە،

چونکە خێروبێری تێدایە،“

ئاوا دەکەم لە پێناوی بەندەکانم

بۆ ئەوەی هەمووان نەفەوتێنم.

بەڵکو لە یاقوبەوە نەوەیەک دەردەکەم،

لە یەهوداشەوە ئەوانەی دەبنە میراتگری چیاکانم.

جا چیاکان دەبن بە میراتی هەڵبژێردراوانم و

بەندەکانم لەوێ نیشتەجێ دەبن.

جا شارۆن دەبێت بە لەوەڕگای مێگەل و

دۆڵی عاخۆریش1 بە مۆڵگای مانگا،

بۆ گەلەکەم کە داوای منیان کردووە.

«بەڵام ئێوە کە وازتان لە یەزدان هێناوە و

کێوی پیرۆزی منتان لەیاد کردووە،

خوانتان بۆ بتێک بە ناوی ”گەد“ خوداوەندی بەخت ئامادە کردووە و

بۆ ”مەنی“ خوداوەندی چارەنووس شەرابی تێکەڵاوتان پڕکردووە،

چارەنووستان دەخەمە بەر شمشێر و

هەمووتان بۆ سەربڕین بە چۆکدا دێن،

لەبەر ئەوەی بانگم کرد و وەڵامتان نەدایەوە،

قسەم کرد و گوێتان نەگرت

بەڵکو لەبەرچاوم خراپەکاریتان کرد،

ئەوەی من پێم ناخۆش بوو هەڵتانبژارد.»

لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:

«ئەوەتا بەندەکانم دەخۆن،

بەڵام ئێوە برسی دەبن،

ئەوەتا بەندەکانم دەخۆنەوە،

بەڵام ئێوە تینوو دەبن،

ئەوەتا بەندەکانم دڵخۆش دەبن،

بەڵام ئێوە شەرمەزار دەبن.

ئەوەتا لە دڵخۆشیدا

بەندەکانم گۆرانی دەڵێن،

بەڵام ئێوە لە دڵتەنگیدا دەقیژێنن و

لەبەر دڵشکاندن شین دەگێڕن.

لە داهاتوودا هەڵبژێردراوانم ناوتان

وەک نەفرەت بەکاردەهێنن و

یەزدانی باڵادەست دەتانکوژێت،

بەڵام ناوێکی دیکە لە خزمەتکارەکانی خۆی دەنێت.

ئەوەی لە خاکەکەدا بۆ خۆی داوای بەرەکەت بکات،

بە خودای ڕاستەقینەوە داوای بەرەکەت دەکات و

ئەوەی لە خاکەکەدا سوێند بخوات

بە خودای ڕاستەقینە سوێند دەخوات،

چونکە تەنگانەکانی پێشوو لەبیر چوون و

لەبەرچاوم شاردرانەوە.

ئاسمانی نوێ و زەوی نوێ

«بڕوانن، من لە داهاتوودا ئاسمانی نوێ و

زەوی نوێ بەدی دەهێنم و

ئەوانەی پێشوو نە باس دەکرێن و

نە بە مێشکدا دێنەوە.

بەڵکو ئێوە بۆ هەتاهەتایە دڵخۆش و شاد بن

لەوەی من بەدی دەهێنم،

چونکە ئەوەتا من ئۆرشەلیمی شاد بەدی دەهێنم و

دانیشتووانەکەی دڵخۆش دەبن.

بە ئۆرشەلیم دڵخۆش دەبم و

بە گەلی خۆم شاد دەبم،

چیتر لەناویدا دەنگی گریان و هاوار نابیسترێت.

«چیتر لەوێ نە کۆرپەی تازە لەدایکبوو دەمرێت و

نە پیری لە تەمەن تێر نەخواردوو،

چونکە ئەوەی لە تەمەنی سەد ساڵی بمرێت

بە گەنج دادەنرێت و

ئەوەی نەگات بە تەمەنی سەد ساڵی

وەک نەفرەت لێکراو دەبینرێت.

خانوو بنیاد دەنێن و نیشتەجێ دەبن،

ڕەز دەڕوێنن و لە بەرەکەی دەخۆن.

خانوو بنیاد نانێن و یەکێکی دیکە تێیدا دانیشێت،

ڕەز ناڕوێنن و یەکێکی دیکە بیخوات،

چونکە ڕۆژانی گەلەکەم

وەک ڕۆژانی دار2 دەبێت و

هەڵبژێردراوانم خۆشی دەبینن

لە کردارەکانی دەستیان.

بەخۆڕایی ماندوو نابن و

بۆ تۆقاندن منداڵیان نابێت،

چونکە ئەوان نەوەی بەرەکەتپێدراوی یەزدانن و

وەچەکانیان لەگەڵیاندان.

جا بەر لەوەی نزا بکەن من وەڵام دەدەمەوە و

هێشتا ئەوان قسە دەکەن من گوێم لێیان دەبێت.

گورگ و بەرخ پێکەوە دەلەوەڕێن،

شێریش وەک مانگا گیا دەخوات،

بەڵام نانی مار خۆڵە.

لە هەموو کێوی پیرۆزم

نە زیان دەبەخشن و نە دەفەوتێنن،»

یەزدان دەفەرموێت.

Source notes (2)
  1. Footnote عاخۆر‏ وشەیەکی عیبرییە بە واتای تێکدان. بڕوانە یەشوع 7‏:24‏ ‏.‏
  2. Footnote مەبەست لەو دارانەیە کە تەمەنیان زۆر درێژە.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.