Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

ئیشایا 64

خۆزگە ئاسمانت شەق دەکرد و دەهاتیتە خوارەوە،

چیاکان لەبەردەمت دەلەرزین!

وەک ئەوەی ئاگر گڕ بەردەداتە پوشوپەڵاش و

ئاگر وا دەکات ئاو بکوڵێت،

وەرە خوارەوە، با دوژمنانت ناوت بزانن،

با نەتەوەکان لەبەردەمتدا بلەرزن.

کاتێک کارە ترسناکەکانت کرد کە چاوەڕێمان نەدەکرد،

دابەزیت و چیاکان لەبەردەمتدا لەرزین.

لە کۆنەوە نە گوێیان لێ بووە و

نە بیستوویانە،

هیچ چاوێک خودایەکی جگە لە تۆ نەبینیوە،

ئەوە بکات بۆ ئەو کەسەی چاوەڕێی دەکات.

تۆ دێیت بۆ یارمەتی ئەوانەی بە دڵخۆشییەوە کاری ڕاستودروستی دەکەن،

ئەوانەی بیر لە ڕێگاکانت دەکەنەوە هەتا پەیڕەوی بکەن.

بەڵام کاتێک ئێمە بە بەردەوامی گوناهمان لە دژی ئەوان کرد،

تۆ تووڕە بوویت.

ئیتر چۆن ڕزگار دەبین؟

هەموومان وەک کەسێکی گڵاومان لێ هات،

هەموو کاری ڕاستودروستیمان وەک پەڕۆی پیسی مانگانەی ئافرەت بوو.

هەموو وەک گەڵا سیس بووین،

تاوانەکانمان وەک با هەڵماندەگرێت.

کەس نییە بە ناوی تۆوە نزا بکات

یان وریابێت بۆ ئەوەی خۆی بە تۆوە بگرێت،

چونکە ڕووی خۆتت لێمان شاردەوە و

بە دەست تاوانەکانمان ئێمەت تواندەوە.

بەڵام ئەی یەزدان، تۆ باوکی ئێمەیت،

ئێمە قوڕین و تۆ گۆزەکەری ئێمەیت و

ئێمە هەموو دەستکردی تۆین.

ئەی یەزدان، تەواو تووڕە مەبە و

هەتا کۆتایی تاوانمان بەبیر خۆت مەهێنەرەوە،

تکایە، تەماشامان بکە!

ئێمە هەموو گەلی تۆین.

شارە پیرۆزەکانت بوون بە چۆڵەوانی،

سییۆن بوو بە چۆڵەوانی و ئۆرشەلیم وێران بوو.

پەرستگای پیرۆزی و شانازیمان، کە لەوێ باوباپیرانمان ستایشی تۆیان کرد،

بە ئاگر سووتێنراوە و

هەموو ئەو شوێنانەی کە بۆ ئێمە گەنجینە بوون، بە کەلاوە بوون.

ئەی یەزدان، ئایا لەدوای هەموو ئەمانە لە یارمەتیدان خۆت بە دوور دەگریت؟

ئایا بێدەنگ دەبیت و بە تەواوی سزامان دەدەیت؟

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.