Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
ئیشایا 46
خوداوەندەکانی بابل
بێل1 چۆکی دادا و نەبۆ چەمایەوە،
بتەکانیان بارن بۆ ڕەشەوڵاخ.
ئەوەی باری دەکەن باری هەڵگیراون،
بارن بەسەر ئاژەڵە ماندووەکانەوە.
هەموو چەمانەوە، پێکەوە چۆکیان دادا،
نەیانتوانی بارەکە دەرباز بکەن و
ئەوان خۆشیان ڕاپێچ کران.
«ئەی بنەماڵەی یاقوب، گوێم لێ بگرن،
ئەی هەموو پاشماوەی بنەماڵەی ئیسرائیل،
ئەی ئەوانەی هەڵمگرتوون لەو کاتەوەی لەناو ڕەحم بوونە،
لەو ڕۆژەوەی کە لەدایک بوونە گرنگیم پێداون.
هەتا پیریش بن هەر من ئەوم،
هەتا ڕیش سپیێتیش هەر من هەڵتاندەگرم.
من دروستم کردوون و ئێوە باری منن،
هەر من هەڵدەگرم و دەرباز دەکەم.
«بە کێ هاوشێوەم دەکەن و یەکسانم دەکەن و
هاووێنەم دەکەن بۆ ئەوەی لە یەک بچین؟
ئەوانە زێڕ لە کیسەوە بەتاڵ دەکەن و
زیویش بە تەرازوو دەکێشن،
زێڕنگەرێک بەکرێ دەگرن و دەیکاتە خوداوەندێک،
ڕوو لە زەوی دەکەن بۆی و کڕنۆشی بۆ دەبەن.
دەیخەنە سەر شان، هەڵیدەگرن،
لە جێی خۆی دایدەنێن بۆ ئەوەی ڕاوەستێت،
لە جێی خۆی ناجوڵێتەوە.
هاواری بۆ دەکات و وەڵام ناداتەوە،
لە تەنگانەکەی ڕزگاری ناکات.
«ئەمەتان لەبیر بێت و وردبنەوە!
ئەی یاخیبووان، بیخەنە مێشکتانەوە.
سەرەتاکانتان لەبیر بێت کە لە کۆنەوەیە،
بە ڕاستی من خودام و یەکێکی دیکە نییە،
خودام و هیچی دیکە نییە وەک من.
لە سەرەتاوە کۆتاییم ڕاگەیاندووە،
لە کۆنەوەش ئەوەی هێشتا نەکراوە.
فەرمووم: ”ڕاوێژی من سەر دەگرێت،
هەموو ئەوەی پێم خۆشە دەیکەم.“
داڵ لە ڕۆژهەڵاتەوە بانگ دەکەم،
لە خاکێکی دووریشەوە ئەوەی ئامانجی من بەجێدەگەیەنێت.
فەرمووم و ئەنجامی دەدەم،
دامڕشتووە و دەیکەم.
ئەی کەللەڕەقەکان، گوێم لێ بگرن،
ئەی دوورەکان لە ڕاستودروستی.
ڕاستودروستی خۆمم نزیک خستووەتەوە،
دوور ناکەوێتەوە و
ڕزگاربوونم دوا ناکەوێت.
ڕزگاری بە سییۆن دەبەخشم،
بە ئیسرائیلی شکۆمەندیم.
Source notes (1)
- Footnote بێل، هەروەها ناسراوە بە ناوی مەردوخ، یەکێک بووە لە خوداوەندە سەرەکییەکانی بابل. هەروەها نەبۆ خوداوەندێکی دیکە بووە و کوڕی مەردوخ بووە. ناوی ئەم دوو خوداوەندە لەسەر ئەو تەختە گڵینانە دۆزراوەتەوە کەوا زانایانی شوێنەوارناس لە پاشماوەی بابل دۆزیویانەتەوە.
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.