Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

ئیشایا 45

«یەزدان بەم شێوەیە بە کۆرشی دەستنیشانکراوی دەفەرموێت،

ئەوەی دەستی ڕاستیم گرت

بۆ ئەوەی لەبەردەمی ئەو نەتەوەکان بخەمە ژێر ڕکێفم و

پاشایان چەک بکەم،

بۆ ئەوەی لەبەردەمیدا دەروازەکان بکەمەوە و

دەرگاکان دانەخرێن:

”من لەپێشتەوە دەڕۆم و

تەپەکان تەخت دەکەم،

دەروازە بڕۆنزییەکان دەشکێنم و

شەوبەندە ئاسنینەکان دەبڕمەوە.

گەنجینەکانی تاریکی و

خشڵە شاردراوەکانت دەدەمێ،

هەتا بزانیت کە من یەزدانم، خودای ئیسرائیل،

ئەوەی بە ناوی خۆتەوە بانگت دەکات.

لەبەر یاقوبی بەندەم و

ئیسرائیلی هەڵبژاردەم،

بە ناوی خۆت بانگت دەکەم و

نازناوی چاکم بە تۆ بەخشی

هەرچەندە تۆ دان بە مندا نانێیت.

من یەزدانم و یەکێکی دیکە نییە،

بێجگە لە من خودای دیکە نییە.

هەرچەندە دانت بە مندا نەناوە،

بەڵام من کەمەربەندی تۆ توند دەکەم،

بۆ ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتەوە هەتا ڕۆژئاوا بزانن

بێجگە لە من خودای دیکە نییە.

من یەزدانم و یەکێکی دیکە نییە.

شێوەکێشی ڕووناکی و بەدیهێنەری تاریکیم،

دروستکەری ئاشتی و بەدیهێنەری خراپەم،1

من یەزدانم دروستکەری هەموو ئەمانە.“

«ئەی ئاسمان لە سەرەوە، ڕاستودروستییەکەم ببارێنە،

با هەورەکان بیپرژێنێت.

با زەوی بکرێتەوە و پێکەوە

ڕزگاری بەر بگرێت و

ڕاستودروستی سەرهەڵبدات؛

من یەزدانم بەدیم هێنا.

«قوڕبەسەر ئەوەی کێشە لەگەڵ شێوەکارەکەی دروستدەکات،

پارچەی گۆزەیەکە لەنێو گۆزەکانی سەر زەوی.

ئایا قوڕ بە گۆزەکەرەکەی دەڵێت:

”چی دروستدەکەیت؟“

یان دەڵێت:

”ئەوەی دروستت کردووە دوو دەسکی نییە“؟

قوڕبەسەر ئەوەی بە باوکی دەڵێت:

”چ منداڵێکت خستەوە؟“

بە دایکەکەشی: ”چیت لێ دەبێت؟“

«یەزدان، پیرۆزەکەی ئیسرائیل و شێوەکێشەکەی،

ئەمە دەفەرموێت:

دەربارەی ئەوانەی دێت،

ئایا سەبارەت بە منداڵەکانم لێم دەپرسن،

سەبارەت بە کاری دەستم، ڕامدەسپێرن؟

من زەویم دروستکرد و

مرۆڤی سەریم بەدیهێنا.

دەستەکانی من ئاسمانی لێککردەوە و

هەموو هێزەکانی ئاسمانم پێکهێنا.

من کۆرش بە ڕاستودروستی هەڵدەستێنم و

هەموو ڕێگاکانی ڕێک و ڕاست دەکەم.

ئەو شارەکەم بنیاد دەنێتەوە و

ڕاپێچکراوەکانم ئازاد دەکات

بەبێ پارە و بەبێ بەرتیل.

ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.»

یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«بەرهەمی میسر و بازرگانی کوش و

سەبئییە باڵا بەرزەکان

بۆ لای ئێوە2 دەپەڕنەوە و

بۆ ئێوە دەبن.

لەدوای ئێوەوە بە کۆت و زنجیرەوە دەڕۆن و

دەپەڕنەوە بۆ لاتان.

کڕنۆش بۆ ئێوە دەبەن و

لە ئێوە دەپاڕێنەوە و دەڵێن:

”بێگومان خودا لەنێو ئێوەدایە و یەکێکی دیکە نییە،

خودای دیکە نییە.“»

بەڕاستی تۆ خودایەکی خۆت دەشاریتەوە،

خودای ئیسرائیل، ئەی ڕزگارکەر.

هەروەها هەموو وەستای پەیکەرەکان شەرمەزار و ڕیسوا دەبن،

پێکەوە بە سەرشۆڕییەوە دەڕۆن،

بەڵام ئیسرائیل بە یەزدان ڕزگاری دەبێت،

بە ڕزگارییەکی هەتاهەتایی.

شەرمەزار و ڕیسوا نابن

هەتاهەتایە.

یەزدان ئەمە دەفەرموێت،

بەدیهێنەری ئاسمان،

ئەو خودایە،

شێوەکێشی زەوی و دروستکەری،

ئەو دایمەزراند.

بەخۆڕایی بەدی نەهێنا،

بەڵام بۆ نیشتەجێبوون شێوەی کێشا،

دەفەرموێت:

«من یەزدانم و

یەکێکی دیکە نییە.

لە پەناوە قسەم نەکرد،

لە شوێنێکی تاریکی زەوی.

بە توخمی یاقوبم نەفەرموو،

”بەخۆڕایی بەدوامدا بگەڕێن.“

من یەزدانم بە ڕاستی دەدوێم و

ڕاستودروستی ڕادەگەیەنم.

«کۆببنەوە و وەرن،

ئەی دەربازبووانی نەتەوەکان، پێکەوە وەرنە پێش.

نازانن ئەوانەی هەڵیانگرتووە، داری بتە داتاشراوەکانیان،

ئەوانەی داوا لە خوداوەندێک دەکەن کە ڕزگار ناکات.

ڕایبگەیەنن و وەرنە پێش.

با ئەوان پێکەوە ڕاوێژ بکەن.

لە کۆنەوە کێ پێشبینی ئەمەی کردووە،

لە دێرزەمانەوە ڕایگەیاندووە؟

ئایا منی یەزدان نەبوو؟

بێجگە لە من هیچ خودایەک نییە،

خودایەکی ڕاستودروست و ڕزگارکەر

بێجگە لە من نییە.

«ڕوو لە من بکەن و ڕزگارتان بێت،

ئەی هەموو لایەکانی زەوی،

چونکە من خودام و یەکێکی دیکە نییە.

سوێندم بە گیانی خۆم خوارد،

ڕاستی لە دەممەوە هاتە دەرەوە،

وشەیەکە و ناگەڕێتەوە،

کە هەموو ئەژنۆیەک بۆ من چۆک دەدات،

هەموو زمانێک بە من سوێند دەخوات.

سەبارەت بە من دەڵێن: ”ڕاستودروستی و هێز

تەنها بە یەزدانە.“»

هەموو ئەوانەی ڕقیان لێی هەستاوە

بۆ لای ئەو دێن و شەرمەزار دەبن،

بەڵام هەموو توخمی ئیسرائیل

بە یەزدان ڕاستودروست دەبن و شانازی دەکەن.

Source notes (2)
  1. Footnote بڕوانە ئەیوب 2‏:1‏-10،‏ ‏ خودا هەندێک جار ڕێ دەدات کە شتی خراپ ڕووبدەن بۆ بەدیهێنانی مەبەستەکانی خۆی.‏
  2. Footnote مەبەست لە یەهودایە لەدوای گەڕاندنەوەی گەلی خودا لە ڕاپێچکراوی لەلایەن کۆرش پاشای فارسەوە.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.