Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

ئیشایا 17

سروشێک سەبارەت بە دیمەشق

سروشێک سەبارەت بە دیمەشق:

«بڕوانە، دیمەشق لەنێو شاران دەسڕێتەوە و

دەبێتە تەپەیەکی ڕووخاو.

شارەکانی عەرۆعێر بەجێماون و

بۆ مێگەلەکان دەبن،

تێیدا ڕادەکشێن،

کەس نییە بیانترسێنێت.

قەڵا لە ئەفرایم نامێنێت و

پاشایەتیش لە دیمەشق.

پاشماوەی ئارام وەک

شکۆمەندی نەوەی ئیسرائیلی لێ دێت،»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.

«لەو ڕۆژەدا شکۆمەندی یاقوب نزم دەبێتەوە،

قەڵەوی گۆشتەکەی لاواز دەبێت.

وەک کۆکردنەوەی دەغڵی بەپێوە ڕاوەستاو دەبێت لەلایەن دروێنەکەرانەوە،

بازووشی گوڵەگەنم دەدروێتەوە.

وەک هەڵگرتنەوەی گوڵەگەنم دەبێت

لە دۆڵی ڕفایم.

وەک تەکاندنی دار زەیتوون

کە پاشماوەی تێدا دەمێنێتەوە،

دوو یان سێ دەنک لەسەر چڵەکان،

چوار یان پێنج لە لقە بەردارەکان.»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، خودای ئیسرائیل.

لەو ڕۆژەدا مرۆڤ ئاوڕ لە دروستکەرەکەی دەداتەوە و

چاوەکانیش بەرەو خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیلە.

ئاوڕ لە قوربانگاکان ناداتەوە

کە دروستکراوی دەستی خۆین،

ئەوەی پەنجەکانی دروستی کردوون سەیریان ناکات،

ستوونە ئەشێراکان1 و قوربانگاکانی بخوور.

لەو ڕۆژەدا شارە قەڵابەندەکانی وەک کەلاوەی چۆڵکراوی ناو دارستانەکان و چڵەدارەکانی لێدێت کە لە ڕووی نەوەی ئیسرائیل چۆڵیان کردن، جا وێران دەبێت.

خودای ڕزگارکەری خۆتت لەبیر چوو،

تاشەبەردەکەت، قەڵاکەت بەبیر نەهاتەوە.

لەبەر ئەوە ڕووەکی چاک دەچێنن

بەڵام نەمامی نامۆ سەرهەڵدەدات.

ئەو ڕۆژەی دەیچێنیت، وای لێ دەکەیت نەمام بکات

بۆ بەیانی وای لێ دەکەیت گوڵ بکات،

بەڵام دروێنە لە ڕۆژی نەخۆشی و ئازاری

بێ چارەسەردا لەدەست دەچێت.

ئای لە هاژەهاژی خەڵکانێکی زۆر،

وەک هاژەی دەریا کە دەهەژێت!

خوڕەی نەتەوەکان

وەک خوڕەی ئاوی زۆر کە خوڕەی دێت!

نەتەوەکان کە خوڕەیان دێت وەک خوڕەی ئاوی زۆر،

بەڵام تێیان ڕادەخوڕێت و بۆ دوور هەڵدێن،

وەک پووشی چیاکان لەبەردەم با ڕاو دەنرێت و

وەک تەپوتۆز لەبەردەم ڕەشەبا.

دەمەو ئێوارە تۆقینێکی لەناکاوە!

بەرەبەیانێکی زوو نامێنن!

ئەمە بەشی تاڵانکارانمانە،

بەختی ڕاوڕووتکارانمانە.

Source notes (1)
  1. Footnote ستوونە ئەشێرا: هێمای خواژنە. بڕوانە یەکەم پاشایان 11‏:5‏ ‏.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.