Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
ئیشایا 16
بەرخ وەک سەرانە بنێرن
بۆ فەرمانڕەوای خاکەکە،
لە سەلەعەوە بە چۆڵەوانیدا
بەرەو چیاکەی شاری سییۆن.
وەک باڵندەی هەڵاتوون
وەک لە هێلانە دەرپەڕێنراویان لێدێت،
کچانی مۆئاب
لە تەنکاییەکانی ڕووباری ئەرنۆن.
«ڕاوێژ بکە،
دادوەری ئەنجام بدە،
لە قرچەی نیوەڕۆدا
سێبەرت وەک شەوی لێ بکە.
دەرکراوەکان بشارەوە،
هەڵاتووەکان ئاشکرا مەکە.
با ئاوارەکانی مۆئاب لەلات بمێننەوە،
لە ڕووی کاولکەر بۆیان ببە پەناگا.»
کاتێک چەوسێنەر کۆتایی پێ دێت،
کاولبوون نامێنێت،
پێشێلکاران لە خاکەکەدا لەناودەچن.
بە خۆشەویستی نەگۆڕ تەخت جێگیر دەبێت،
یەکێک لە بنەماڵەی داود
دادپەروەر و داواکاری دادپەروەری،
دەستپێشخەر بۆ ڕاستودروستی،
بە دڵسۆزییەوە لەسەری دادەنیشێت.
لووتبەرزی مۆئابمان بیست،
لووتبەرزییەکی زۆر،
خۆبەزلزانی و لووتبەرزی و بەفیزی،
بەڵام قسە پووچەکانی ناچەسپێن.
لەبەر ئەوە با خەڵکی مۆئاب واوەیلا بکەن،
سەراپا بۆ مۆئاب واوەیلا بکەن.
ئەی مۆئابییە بەزێنراوەکان،
بۆ نانی کشمیشی1 قییر حەراسەت شیوەن بگێڕن.
کێڵگەکانی حەشبۆن سیس بوون،
هەروەها ڕەزەکەی سیڤما.
گەورەکانی نەتەوەکان
شا مێوەکانییان شکاند،
کە گەیشتبووە یەعزێر و
پەلی هاویشت هەتا چۆڵەوانی.
لقەکانی درێژ ببوونەوە و
لە دەریا پەڕیبوونەوە.
لەبەر ئەوە گریانی یەعزێر دەگریێم
بۆ ڕەزەکەی سیڤما،
بە فرمێسکەکانم ئاوتان دەدەم
ئەی حەشبۆن و ئەلعالێ!
لە کاتی میوە گەییوەکانت و دروێنەکانت
هەراوزەنای جەنگ هات.
خۆشی و شادی لە باخ بڕایەوە،
لەناو ڕەزان گۆرانی ناگوترێت و هاوار ناکرێت،
شەراب لەناو گوشەر ناگوشرێت،
هوتاف کپ بوو.
لەبەر ئەوە هەناوم وەک قیسارە بۆ مۆئاب دەناڵێنێت،
ناخیشم بۆ قییر حەراسەت.
جا کە مۆئاب لە نزرگەی سەر بەرزاییەکە دەردەکەوێت،
ماندوو دەبێت.
کە دەچێتە ناو نزرگەکەوە نوێژ بکات،
قبوڵ نابێت.
ئەمە ئەو فەرمایشتەیە کە یەزدان پێشتر بە مۆئابی فەرموو. ئێستاش یەزدان دەدوێت و دەفەرموێت: «لە ماوەی سێ ساڵدا وەک ساڵەکانی کرێگرتە، سەنگینی مۆئاب سووک دەبێت، بەو هەموو خەڵکە زۆرەوە، پاشماوەکەی زۆر کەم و لاواز دەبێت.»
Source notes (1)
- Footnote نانی کشمیش بۆ بەعل پێشکەش دەکرا وەک سوپاسگوزاری بۆ دروێنە و خەرمان.
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.