Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
هۆشەع 14
تۆبەکردن بۆ وەرگرتنی بەرەکەت
ئەی ئیسرائیل، بۆ لای یەزدانی پەروەردگاری خۆتان بگەڕێنەوە،
چونکە بە تاوانی خۆتان تێکشکان!
ئەم قسانە لەگەڵ خۆتان ببەن و
بگەڕێنەوە لای یەزدان،
پێی بڵێن:
«لە هەموو تاوانێک خۆشبە و
بە چاکەی خۆت وەرمانبگرە،
بەروبوومی لێوەکانمان سوپاسکردنی تۆ دەبێت.1
ئاشور ڕزگارمان ناکات.
سواری ئەسپ نابین،
جارێکی دیکە بە دەستکردەکانمان ناڵێین،
”خوداوەندەکانمان،“
چونکە لەلایەن تۆ هەتیو بەر بەزەیی دەکەوێت.»
«من هەڵگەڕانەوەیان چاک دەکەمەوە،
بە دڵفراوانییەوە ئەوانم خۆشدەوێت،
چونکە تووڕەییم لەوان دامرکایەوە.
بۆ ئیسرائیل وەک شەونم دەبم،
ئەویش وەک سەوسەن گوڵ دەکات و
وەک دار ئورزی لوبنان ڕەگ دادەکوتێت،
چڵەکانی درێژ دەبنەوە،
جوانییەکەی وەک دار زەیتوون دەبێت و
وەکو دار ئورزی لوبنان بۆندار دەبێت.
نیشتەجێبووان لە سایەی سێبەرەکەی دەگەڕێنەوە.
وەک دانەوێڵە دەژیێتەوە و
وەک مێو دەگەشێتەوە.
ناوبانگی وەک شەرابی لوبنان دەبێت.
ئەی ئەفرایم، لەمەولا چ پەیوەندییەکم بە بتەوە هەیە؟
من وەڵام دەدەمەوە و چاودێریت دەکەم،
من وەک دار سنەوبەرێکی سەوزم،
بەروبوومەکەت لەلایەن منەوەیە.»
کێ دانایە و لە ئەمانە تێدەگات؟
کێ تێگەیشتووە و دەیانزانێت؟
چونکە ڕێگاکانی یەزدان ڕاستن و
ڕاستودروستان پێیدا دەڕۆن،
بەڵام یاخیبووەکان ساتمەی تێدا دەکەن و دەکەون.
Source notes (1)
- Footnote لێوەکانمان ستایشی تۆ دەکەن، بڕوانە عیبرانییەکان 13:15 .
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.