Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

هۆشەع 13

تووڕەیی یەزدان لەسەر ئیسرائیل

کاتێک ئەفرایم قسەی کرد، لەرزین پەیدابوو،

ئەویش لە ئیسرائیلدا پایەدار بوو،

بەڵام خۆی تاوانبار کرد بە پەرستنی بەعل و مرد.

ئێستا گوناهیان زیاتر و زیاتر دەکەن،

لە زیوەکانیان بتی لەقاڵبدراو بۆ خۆیان دروستدەکەن،

بتی دروستکراو بەپێی تێگەیشتنی خۆیان،

هەمووی دەستکردی وەستایە.

دەربارەیان دەڵێن:

«ئەوانە مرۆڤ دەکەنە قوربانی،

بتە گوێرەکەکان ماچ دەکەن!»

لەبەر ئەوە وەک هەوری بەیانییان دەبن و

وەک ئەو شەونمەی بە زوویی دەڕوات،

وەک پووشی جۆخین کە دەدرێت بەدەم باوە،

وەک دووکەڵ لە کڵاوڕۆژنەوە1.

«بەڵام من یەزدانی پەروەردگارتم،

ئەوەی لە خاکی میسر دەریهێنایت.

جگە لە من دان بە هیچ خودایەکی دیکەدا نانێیت،

جگە لە منیش هیچ خودایەک ڕزگارکەر نییە.

من لە چۆڵەوانیدا چاودێری تۆم کرد،

لە زەوی تینووێتی.

کاتێک لە لەوەڕ تێربوون،

کە تێربوون دڵیان بەفیز بوو،

لەبەر ئەوە منیان لەیاد کرد.

جا وەک شێر دەبم بۆیان،

وەک پڵنگ لەسەر ڕێگا خۆم مات دەکەم.

وەک ورچێکی جەرگسووتاو پەلاماریان دەدەم و

پەردەی دڵیان دەدڕێنم.

وەک شێرە مێ لەوێ دەیانخۆم،

ئاژەڵی کێوی پارچەپارچەیان دەکەن.

«ئەی ئیسرائیل، تۆ لەناوچوویت،

چونکە تۆ لە دژی منیت، لە دژی یارمەتیدەری خۆتیت.

ئێستا کوا پاشاکەت؟

تاکو لە هەموو شارۆچکەکانت ڕزگارت بکات،

کوا ئەو فەرمانڕەوایانەی کە سەبارەت بەوان گوتت:

”پاشا و میرم بدەرێ“؟

لە تووڕەییمدا پاشایەکم پێت دا و

لە هەڵچوونمدا بردمەوە.

تاوانەکانی ئەفرایم ئەمبار کراون،

گوناهەکانیشی تۆمارکراون.

ژانی منداڵبوون بەسەریدا دێت،

بەڵام منداڵێکی نەفامە،

چونکە لە کاتی خۆیدا نایەت و

لە منداڵدان ناترازێتە خوارەوە.

«لە دەست جیهانی مردووان خۆمیان بۆ بەخت دەکەم،

لە مردن دەیانکڕمەوە.

ئەی مردن، کوا دەردەکانت؟

ئەی جیهانی مردووان، کوا وێرانکاریت؟

«میهرەبانی لە چاوەکانم شاردراونەتەوە،

هەرچەندە لەناو براکانیدا بە بەروبووم بوو.

بایەکی ڕۆژهەڵات دێت،

بای یەزدان لە چۆڵەوانی هەڵدەکات،

ئینجا کانییەکەی کوێردەبێتەوە و

سەرچاوەکەی بێ ئاو دەبێت.

گەنجینەی هەموو کەلوپەلە بەنرخەکانی

تاڵان دەکرێت.

خەڵکی سامیرە تاوانبار دەکرێن،

چونکە لە خودای خۆیان یاخی بوون،

بە شمشێر دەکوژرێن و

منداڵەکانیان تێکدەشکێنرێن،

سکی سکپڕان هەڵدەدڕێت.»

Source notes (1)
  1. Footnote وەک پەنجەرەیە، دەلاقەیەکە بۆ هاتوچۆی هەوا و گێڕانەوەی تیشکی خۆر.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.