Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

عیبرانییەکان 12

تەمبێکردن لە خودای باوکەوە

کەواتە لەبەر ئەوەی ئێمە بە هەورێکی شایەتیدەری ئاوا گەورە دەورە دراوین، با هەموو بارگرانییەک و ئەو گوناهانەی کە بە ئاسانی لێمان دەئاڵێت لە خۆمانی دوور بخەینەوە و بە دانبەخۆداگرتنەوە لەو پێشبڕکێیە ڕابکەین کە لەپێشمان دانراوە. با سەرنجمان بخەینە سەر عیسا، پێشڕەو و تەواوکاری باوەڕمان، ئەوەی لە پێناوی ئەو خۆشییەی لەپێشی دانرابوو، بەرگەی خاچی گرت و شەرمەزاری بە سووک وەرگرت، جا لە دەستەڕاستی تەختی خودا دانیشت. با بیر بکەنەوە لەوەی کە دانی بەخۆیدا گرت بەرامبەر ئەو دژایەتییەی کە گوناهباران لەگەڵیان کرد، تاکو شەکەت نەبن و ورە بەرنەدەن.

لە خەباتی ئێوە لە دژی گوناه هەتا ئاستی خوێنڕشتن بەرگریتان نەکردووە. ئایا ئێوە بە تەواوی ئەو پەیامەی هاندانتان لەبیر چووەوە کە وەک ڕۆڵە لەگەڵتان دەدوێت؟ پەیامەکە دەڵێت:

﴿ڕۆڵەکەم، بە سووکی تەماشای تەمبێکردنی1 یەزدان مەکە،

هەروەها کاتێک سەرزەنشتت دەکات ورە بەرمەدە،

چونکە ئەوەی یەزدان خۆشیبوێ تەمبێی دەکات،

هەروەها هەر یەکێک وەک ڕۆڵەی خۆی وەریبگرێت، بە گۆچان لێی دەدات.﴾2

کەواتە بەرگەی تەمبێکردن بگرن، خوداش وەک ڕۆڵەی خۆی لەگەڵتان دەجوڵێتەوە. چ ڕۆڵەیەک هەیە باوکی تەمبێی نەکات؟ ئەگەر بێتو خودا تەمبێتان نەکات وەک هەموو منداڵەکانی دیکەی، ئەمە ئەوە دەگەیەنێ ئێوە زۆڵن و منداڵی ئەو نین. سەرەڕای ئەمە، باوکی مرۆڤانەمان هەیە کە تەمبێی کردووین و ڕێزی ئەومان گرتووە. ئەی چەند زیاتر ملکەچی باوکی ڕۆحیمان بین، بۆ ئەوەی ژیانی هەتاهەتایی بەدەستبهێنین؟ باوکانمان بۆ ماوەیەک ئەوەندەی بە باشیان زانیوە تەمبێیان کردووین، بەڵام خودا بۆ سوودی ئێمەیە تەمبێمان دەکات، تاکو بەشداری پیرۆزییەکەی بکەین. هەموو تەمبێکردنێک لە کاتی خۆیدا وا دەردەکەوێت کە ئازاربەخشە و خۆش نییە، بەڵام دواتر بەروبوومی ئاشتییانەی ڕاستودروستی دەگرێت بۆ ئەوانەی پێی ڕاهێنراون.

کەواتە دەستە لاوازبووەکان و ئەژنۆ لەرزۆکەکان بەهێز بکەن، ﴿ڕێڕەوی بەرپێت خۆش بکە،﴾3 تاکو شەل پێی لەجێ نەچێت، بەڵکو چاک بێتەوە.

ئاگاداری لە ڕەتکردنەوەی خودا

کۆشش بکەن تاوەکو لەگەڵ هەموو کەسێک بە ئاشتی بژین، هەروەها پیرۆز بن. بێ پیرۆزی کەس مەسیحی خاوەن شکۆ نابینێت. ئاگاداری ئەوە بن، کەس خۆی لە نیعمەتی خودا بێبەش نەکات، نەوەک ڕەگی تاڵی لەناوتاندا گەشە بکات و پەشێوی دروستبکات، بەهۆی ئەمەشەوە زۆر کەس گڵاو ببێت. ئاگاداربن نەوەک یەکێک داوێنپیس بێت یان وەک عیسۆ بەڕەڵا بێت، ئەوەی مافی نۆبەرایەتی خۆی بە ژەمێک خواردن فرۆشت4. دواتر وەک ئاگادارن، ویستی ئەم بەرەکەتە بە میرات وەربگرێت، بەڵام ڕەتکرایەوە. هەرچەندە بە فرمێسکەوەش داوای بەرەکەتەکەی کرد، بەڵام دەرفەتی تۆبەکردنی بۆ نەمابووەوە.

ئێوە نەهاتوونەتە لای شاخێک5 دەستی لێ بدرێت، لای ئاگرێکی بەتین، لای تاریکی، لای تەم، لای گەردەلوول، لای دەنگی کەڕەنا، لای دەنگی قسەکردنێک وا لە گوێگران بکات بپاڕێنەوە ئیتر ئەم قسانەیان بۆ نەکرێت، لەبەر ئەوەی نەیانتوانی بەرگەی فەرمانەکانی خودا بگرن: ﴿تەنانەت ئەگەر ئاژەڵیش دەستی بەر ئەو کێوە بکەوێ، دەبێ بەردباران بکرێت.﴾6 دیمەنەکە ئەوەندە ترسناک بوو، موسا گوتی: ﴿من لە ترسان دەلەرزم.﴾7

بەڵکو ئێوە هاتوونەتە کێوی سییۆن، بۆ شاری خودای زیندوو، ئۆرشەلیمی ئاسمانی، بۆ ئاهەنگێک کە فریشتەیەکی بێشوماری کۆکردووەتەوە، بۆ کڵێسای نۆبەرە تۆمارکراوەکان لە ئاسماندا، بۆ لای خودا کە دادوەری هەمووانە، بۆ لای ڕۆحی ڕاستودروستان کە تەواوکراون، بۆ لای عیسا، کە ڕێکخەری پەیمانی نوێیە، بۆ خوێنێکی پرژێنراو کە لە خوێنی هابیل باشتر دەدوێت.

ئاگاداربن قسەکەرەکە ڕەت مەکەنەوە، چونکە ئەگەر ئەوانەی قسەکەری سەر زەوییان ڕەتکردەوە دەرباز نەبووبن، ئایا ئێمە چۆن دەرباز دەبین ئەگەر لە قسەکەری ئاسمان هەڵبگەڕێینەوە؟ ئەوسا دەنگی خودا زەوی هەژاند، بەڵام ئێستا بەڵێنی داوە و دەفەرموێ: ﴿جارێکی دیکە نەک تەنها زەوی دەهەژێنم، بەڵکو ئاسمانیش.﴾8 وشەی «جارێکی دیکە» ئاماژەیە بۆ سڕینەوەی ئەو شتانەی کە دەهەژێن، واتا شتە دروستکراوەکان، تاکو ئەو شتانەی کە ناهەژێن بمێننەوە.

لەبەر ئەوە با سوپاسگوزار بین، چونکە شانشینێک وەردەگرین کە ناهەژێت، بەهۆیەوە بە شێوازێکی پەسەند بە ترس و ڕێزەوە خودا بپەرستین، چونکە ﴿خودامان ئاگرێکی بەتینە.﴾9

Source notes (9)
  1. Footnote تەمبێکردن: تەمبێکردن بۆ مەبەستی ڕاستەڕێکردنە لە گوناه و کاری هەڵە کەوا خودا بەرامبەر بە مرۆڤ دەیگرێتە بەر.
  2. Footnote پەندەکان 3‏:11‏،12‏ ‏.‏
  3. Footnote پەندەکان 4‏:26‏ ‏
  4. Footnote بڕوانە پەیدابوون 25‏:32‏-33.‏ ‏
  5. Footnote مەبەستی شاخی سینایە لە کاتی پێدانی تەورات بە موسا، بڕوانە دەرچوون 19‏ ‏ و 20.‏
  6. Footnote دەرچوون 19‏:12‏،13‏.‏ ‏
  7. Footnote دواوتار 9‏:19‏ ‏
  8. Footnote حەگەی 2‏:6‏ ‏
  9. Footnote دواوتار 4‏:24‏ ‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.