Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
عیبرانییەکان 13
وتەی هاندان
بەردەوام بن لەسەر خۆشەویستیتان بۆ یەکتر وەک خوشک و برا. میوانداری نامۆکان لەیاد مەکەن، چونکە بەمە کەسانێک بێ ئەوەی بزانن میوانداری فریشتەکانیان کردووە. یادی بەندکراوان بکەنەوە هەروەک ئەوەی لەگەڵیان بەند کرابن، هەروەها زۆرلێکراوانیش وەک ئەوەی خۆتان لەگەڵ ئەواندا زۆرلێکراو بن.
با لەلای هەمووان هاوسەرایەتی ڕێزی هەبێت، نوێنی هاوسەرایەتیش پاک بێت، چونکە خودا بەڕەڵا و داوێنپیس تاوانبار دەکات. با ژیانتان بێ خۆشویستنی پارە بێت و ڕازی بن بەوەی هەتانە، چونکە خودا فەرموویەتی:
﴿هەرگیز پشتگوێت ناخەم،
هەرگیز وازت لێ ناهێنم.﴾1
کەواتە بە متمانەوە دەڵێین:
﴿یەزدان یارمەتیدەری منە، ناترسم.
مرۆڤ دەتوانێت چیم لێ بکات؟﴾2
ڕابەرەکانتان لەیاد بێت، ئەوانەی باسی وشەی خوداتان بۆ دەکەن، تەماشای سەربوردەیان بکەن و لاسایی باوەڕیان بکەنەوە. عیسای مەسیح وەک خۆیەتی، دوێنێ و ئەمڕۆ و هەتاهەتایە.
مەهێڵن فێرکردنی جۆراوجۆر و نامۆ بەڕێوەتان ببات3، چونکە باشە دڵ بە نیعمەت بەهێز بکرێت، نەک بە یاساکانی خۆراک کە سوودی نەبوو بۆ ئەوانەی پێی دەژین. ئێمە قوربانگایەکمان هەیە کە ئەوانەی خزمەتی چادری پەرستن دەکەن بۆیان نییە لێی بخۆن.4
سەرۆکی کاهینان خوێنی ئاژەڵان وەک قوربانی گوناه دەهێنێتە ناو شوێنی هەرەپیرۆز، بەڵام کەلاکەکانیان لە دەرەوەی ئۆردوگا دەسووتێنرێن5. لەبەر ئەوە عیساش لە دەرەوەی دەرگای شار ئازاری چێژت، تاکو بە خوێنی خۆی گەل پیرۆز بکات. کەواتە با بچینە دەرەوەی ئۆردوگا6 بۆ لای عیسا، ڕیسواییەکەی هەڵبگرین. لەبەر ئەوەی لێرەدا هیچ شارێکمان بۆ نامێنێتەوە، بەڵام داوای ئەو شارە دەکەین کە لە داهاتوودا دێت.
لەبەر ئەوە، با بەردەوام لە ڕێگەی مەسیحەوە بە لێوەکانمان ستایشی خودا بکەین، کە قوربانیی ئێمەیە بۆ خودا. هەروەها چاکەکاری و یارمەتیدانی خەڵک پشتگوێ مەخەن، چونکە ئەو جۆرە قوربانییانە خودا دڵشاد دەکات.
گوێڕایەڵی ڕابەرەکانتان بن و ملکەچیان بن، چونکە ئێشکتان بۆ دەگرن، وەک بڵێی حیسابیان پێشکەشی خودا دەکەن، تاکو بە شادییەوە ئەمە بکەن نەک بە بێزاری، چونکە ئەمە زیانی بۆتان دەبێت.
نوێژمان بۆ بکەن، چونکە دڵنیاین ویژدانێکی باشمان هەیە، حەز دەکەین لە هەموو شتێکدا هەڵسوکەوتمان چاک بێت. زیاتر لێتان دەپاڕێمەوە ئەمە بکەن، تاکو بە خێرایی بگەڕێمەوە لاتان.
با خودای ئاشتی کە بە خوێنی پەیمانی هەتاهەتایی عیسای خاوەن شکۆمانی لەنێو مردووان هەستاندەوە، شوانە پایەبەرزەکەی مەڕەکان، بە هەموو شتێکی باش ئامادەتان بکات تاکو بە خواستی ئەو هەڵسوکەوت بکەن، لە ئێمەشدا بەپێی ڕەزامەندی خۆی کار بکات بەهۆی عیسای مەسیحەوە کە هەتاهەتایە شکۆمەندی بۆ ئەوە. ئامین.
سڵاوی کۆتایی
خوشکان، برایان، لێتان دەپاڕێمەوە، بە سنگفراوانییەوە ئەم وتەی هاندانە وەربگرن، چونکە تەنها نامەیەکی کورتم بۆ نووسیون.
بزانن تیمۆساوسی برامان ئازاد کراوە. ئەگەر زوو هات، بەیەکەوە دیدەنیتان دەکەین.
سڵاو لە هەموو ڕابەران و تەواوی باوەڕداران بکەن.
باوەڕدارانی ئیتالیا سڵاوتان لێدەکەن.
با نیعمەتی خودا لەگەڵ هەمووتان بێت.
Source notes (6)
- Footnote دواوتار 31:6
- Footnote زەبوورەکان 118:6،7.
- Footnote بە بۆچوونی جیاواز گومڕا مەبن.
- Footnote واتا کاهینانی پەیمانی کۆن بۆیان نییە لە بەرهەمی خاچی مەسیح سوود وەربگرن، بڕوانە ئایەتی 15.
- Footnote بڕوانە دەرچوون 29:14 .
- Footnote مەبەستی دەوروبەری شوورای ئۆرشەلیمە.
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.