Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

گەلاتیا 3

باوەڕ یان بەجێگەیاندنی شەریعەت؟

ئەی گەلاتیاییە گێلەکان! کێ جادووی لێکردوون؟ لەپێش چاوتان وێنەی عیسای مەسیح بە لە خاچ دراوی کێشرا! تەنها دەمەوێ ئەوەتان لێ فێربم: ئایا بەهۆی کارکردن بە شەریعەت ڕۆحی پیرۆزتان وەرگرت، یاخود بەهۆی باوەڕ بەوەی بیستتان؟ ئایا هەتا ئەم ڕادەیە گێلن؟ ئێوە کە بەهۆی ڕۆحی پیرۆزەوە دەستتان پێکرد، ئایا ئێستا دەتانەوێت بەهۆی جەستەوە کۆتایی پێ بهێنن؟ ئایا لەخۆڕایی ئەوەندە ئازارتان چێژت؟ ئایا بەڕاستی لەخۆڕایی بوو؟ ئەوەی ڕۆحتان پێ دەبەخشێت و لەنێوانتاندا پەرجوو دەکات، ئایا بەهۆی کارکردنە بە شەریعەت، یاخود بەهۆی باوەڕە بەوەی بیسترا؟ وەک چۆن ئیبراهیم ﴿باوەڕی بە خودا هێنا و ئەمەشی بە ڕاستودروستی بۆ دانرا.﴾1

جا بزانن ئەوانەی لە باوەڕدان، نەوەی ئیبراهیمن. نووسراوە پیرۆزەکە پێشتر بینیویەتی کە خودا نەتەوەکان بەهۆی باوەڕ بێتاوان دەکات، پێشتر مژدەی بە ئیبراهیم دا، پێی فەرموو: ﴿هەموو نەتەوەکان لە ڕێگەی تۆوە بەرەکەتدار دەبن.﴾2 کەواتە ئەوانەی باوەڕدارن، لەگەڵ ئیبراهیمی باوەڕدار بەرەکەتدار دەبن.

هەموو ئەوانەی پشت بە کرداری شەریعەت دەبەستن، لەژێر نەفرەتن، چونکە نووسراوە: ﴿هەرکەسێک لە هەموو نووسراوی پەڕتووکەکانی تەورات نەچەسپێت بۆ پەیڕەوکردن، نەفرەت لێکراوە.﴾3 ئاشکرایە لە بەرامبەر خودا کەس بە شەریعەت بێتاوان ناکرێت، چونکە: ﴿ئەوەی ڕاستودروستە بە باوەڕ دەژیێت.4‏﴾5 بەڵام شەریعەت پشت بە باوەڕ نابەستێت، بەڵکو: ﴿ئەو کەسەی پەیڕەویان بکات، بەهۆیانەوە دەژیێت.﴾6 مەسیح ئێمەی لە نەفرەتی شەریعەت کڕییەوە، بەوەی لە پێناوماندا بووە نەفرەت، چونکە نووسراوە: ﴿هەرکەسێک لەسەر دار هەڵبواسرێت نەفرەت لێکراوە.﴾7 ئەو ئێمەی کڕییەوە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە بەرەکەتی ئیبراهیم بۆ نەتەوەکان بێت، تاکو بەهۆی باوەڕەوە بەڵێنی ڕۆحی پیرۆز بەدەستبهێنین.

پەیمانی خودا و شەریعەت

خوشکان، برایان، با نموونەیەکی مرۆڤانەتان بۆ بهێنمەوە: ئەگەر یەکێک پەیمانێکی مۆرکراوی پێ بێت، کەس ناتوانێت بەتاڵی بکاتەوە یاخود شتێکی بخاتە سەر. هەروەک بەڵێنەکان بۆ ئیبراهیم و نەوەکەی گوتراوە. نووسراوە پیرۆزەکە نافەرموێت: «بە نەوەکان» وەک ئەوەی زۆر بن، بەڵام ﴿بە نەوەی تۆ،﴾8 واتا یەک، ئەوەی مەسیحە. مەبەستم ئەمەیە: ئەو شەریعەتەی پاش چوار سەد و سی ساڵ هات، پەیمانی چەسپاوی پێشووی خودا هەڵناوەشێنێتەوە، تاکو بەڵێنەکە بشکێنێت، چونکە ئەگەر میرات بەهۆی شەریعەتەوە هەبێت، ئیتر بەهۆی بەڵێنەوە نییە. بەڵام خودا بە نیعمەتی خۆی بەڵێنی بە ئیبراهیم دا.

مەبەستی شەریعەت

کەواتە شەریعەت بۆ چییە؟ بەهۆی پێشێلکردنەکانەوە زیادکراوە، هەتا ئەو کاتەی نەوەی بەڵێندراو9 دێت، لە ڕێگەی فریشتەکانەوە بە دەستی پەیوەندی ڕێکخەرێک10 ڕێکخرا. پەیوەندی ڕێکخەر تەنها نوێنەری یەک لایەن نییە، بەڵام خودا یەکە.

ئایا تەورات لە دژی بەڵێنەکانی خودایە؟ حاشا! چونکە ئەگەر شەریعەتێک هەبووایە بتوانێت ژیان ببەخشێت، ئەوا ڕاستودروستی بە شەریعەتی تەورات دەبوو. بەڵام نووسراوە پیرۆزەکە هەمووی کردووەتە بەندی گوناه،11 تاکو ئەو بەڵێنەی لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە و بەهۆی باوەڕەوە دراوە، بۆ ئەوانە بێتە دی کە باوەڕ دەهێنن.

پێش ئەوەی باوەڕ بێت، لەلایەن تەوراتەوە بەند کرابووین، لە ژوورەوە کرابووین هەتا ئاشکراکردنی باوەڕەکەی داهاتوو. تەورات پەروەردەی دەکردین تاکو بمانهێنێت بۆ لای مەسیح، بۆ ئەوەی بە باوەڕ بێتاوان بکرێین. بەڵام دوای هاتنی باوەڕ، ئێمە ئیتر لەژێر سایەی تەمبێکار نین.

ڕۆڵەکانی خودا

هەمووتان لە ڕێگەی باوەڕەوە ڕۆڵەی خودان، بەو یەکبوونەی کە لەگەڵ عیسای مەسیحدا هەتانە، چونکە کاتێک لە ئاو هەڵکێشران، هەمووتان لەگەڵ مەسیح یەکتانگرت12 و مەسیحتان وەک جلوبەرگێک لەبەرکرد. جولەکە و ناجولەکە نییە، کۆیلە و ئازاد نییە، ژن و پیاو نییە، چونکە هەمووتان بەهۆی یەکبوونتان لەگەڵ عیسای مەسیح، یەکن. جا ئەگەر ئێوە هی مەسیح بن، ئەوا لە نەوەی ئیبراهیمن و بەگوێرەی بەڵێنەکە میراتگرن.

Source notes (12)
  1. Footnote پەیدابوون 15‏:6.‏ ‏
  2. Footnote پەیدابوون 12‏:3‏؛ 18‏:18 و 22‏:18.‏ ‏
  3. Footnote دواوتار 27‏:26‏ .‏
  4. Footnote بە واتای: ئەو کەسەی کە بە باوەڕ بێتاوان دەکرێت و ڕاستودروست دەبێت، بەهۆی باوەڕەکەی دەژیێت.‏
  5. Footnote حەبەقوق 2‏:4‏ .‏
  6. Footnote لێڤییەکان 18‏:5.‏ ‏
  7. Footnote دواوتار 21‏:23‏ .‏
  8. Footnote پەیدابوون 12‏:7‏ ‏ (ئەم زەوییە دەدەمە نەوەی تۆ.)، کاتێک خودا بەڵێن بە ئیبراهیم دەدات.‏
  9. Footnote مەبەست لە مەسیحە.‏
  10. Footnote مەبەست لە موسایە.‏
  11. Footnote بۆ نموونە زەبوورەکان 14‏:3.‏ ‏
  12. Footnote لەگەڵ مەسیح یەکتانگرت لە زمانی یۆنانیدا (لە مەسیحدا) بەکارهاتووە.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.