Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

گەلاتیا 1

لە پۆڵسەوە، ئەوەی نە لەلایەن خەڵک و نە بەهۆی مرۆڤێکەوە نێردراوە، بەڵکو لەلایەن عیسای مەسیح و خودای باوکەوە، کە لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە، هەروەها هەموو ئەو برایانەی لەگەڵمدان،

بۆ ئەو کڵێسایانەی لە گەلاتیان:

با نیعمەت1 و ئاشتی لە خودای باوکمان و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە لەگەڵتان بێت، ئەوەی لە پێناوی گوناهەکانمان خۆی بەخشی، تاکو بەگوێرەی خواستی خودای باوکمان، لەم دنیایە خراپەی ئێستا ڕزگارمان بکات. هەتاهەتایە شکۆمەندی بۆ ئەوە. ئامین.

مژدەیەکی دیکە نییە

پێم سەیرە چۆن وا بە خێرایی، لەوەی بە نیعمەتی مەسیح بانگی کردوون، بۆ مزگێنییەکی دیکە2 وەردەگەڕێن! مزگێنییەکی دیکە بوونی نییە، بەڵکو هەندێک کەس دەیانەوێت سەرتان لێ بشێوێنن و پەیامی مزگێنیی مەسیح بگۆڕن. بەڵام تەنانەت ئەگەر ئێمە یان فریشتەی ئاسمان مزگێنییەکمان پێدان، جگە لەو مزگێنییەی ئێمە پێمان دان، با نەفرەتی لێ بێت. وەک پێشتر پێمان گوتوون ئێستاش پێتان دەڵێمەوە: ئەگەر کەسێک مزگێنییەکی پێدان جگە لەوەی پەسەندتان کردووە، با نەفرەتی لێ بێت.

ئایا ئێستا بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خەڵک هەوڵ دەدەم، یاخود ڕەزامەندی خودا؟ یان ئایا داوای ئەوە دەکەم خەڵک ڕازی بکەم؟ ئەگەر هەتا ئێستا خەریکی ڕازیکردنی خەڵک بوومایە، ئەوا نەدەبوومە بەندەی مەسیح.

چۆن پۆڵس بوو بە نێردراو؟

پێتان دەڵێم، خوشکان، برایان، ئەو پەیامەی ئینجیل3 کە جاڕم بۆی داوە، لە مرۆڤەوە نییە. لە کەسیشم وەرنەگرتووە و فێریش نەکراوم، بەڵکو بە ئاشکراکردنی عیسای مەسیح وەرمگرتووە.

بێگومان سەربوردەی منتان بیستووە لە جولەکایەتی، کە چۆن دڕندانە کڵێسای خودام چەوساندەوە و هەوڵم دا لەناوی ببەم. لە جولەکایەتی پێش زۆربەی خەڵک کەوتم لە نەوەی خۆم، زۆر دڵگەرمتر بووم لەوان بۆ دابونەریتی باوکان. بەڵام کاتێک خودا کە لە سکی دایکمەوە تەرخانی کردم، بە نیعمەتی خۆی بانگی کردم، خۆشحاڵ بوو کوڕەکەی لە مندا دەربکەوێت، تاکو لەناو نەتەوە ناجولەکەکاندا مژدە بدەم. لەو کاتەدا دەستبەجێ ڕاوێژم بە کەس نەکرد، سەرنەکەوتمە ئۆرشەلیم بۆ لای ئەوانەی پێش من نێردراو بوون، بەڵکو ڕۆیشتم بۆ عەرەبستان و دیسان گەڕامەوە دیمەشق.

ئینجا دوای سێ ساڵ سەرکەوتمە ئۆرشەلیم، بۆ ئەوەی پەترۆس4 بناسم، پازدە ڕۆژ لای ئەو مامەوە. بەڵام جگە لە یاقوبی برای عیسای خاوەن شکۆ هیچ نێردراوێکی دیکەم نەبینی. خودا دەزانێت ئەوەی بۆتان دەنووسم درۆ نییە.

دوایی چوومە هەرێمەکانی سوریا و کیلیکیا، بەڵام هێشتا لەلای کڵێساکانی یەهودیا کە سەر بە مەسیحن5 بە ڕوخسار نەناسراو بووم، تەنها بیستبوویان: «ئەوەی جاران ئێمەی دەچەوساندەوە، ئێستا مژدەی ئەو باوەڕە دەدات، کە جاران لەناوی دەبرد.» ئیتر بەهۆی منەوە ستایشی خودایان دەکرد.

Source notes (5)
  1. Footnote نیعمەت بەخشینێکی خودایە بە مرۆڤ بەبێ شایستەبوونی پێی دەبەخشێت.
  2. Footnote مەبەست لە مژدەیەکی جیاوازە.‏
  3. Footnote پەیامەی ئینجیل دەربڕینی پەیامی ئینجیل کە لێرەدا بەکارهاتووە هەمان وشەی مزگێنییە کە لە ئایەتەکانی 7، 8، 9 بەکارهاتووە.
  4. Footnote یۆنانی: کێفاس‏.‏
  5. Footnote سەر بە مەسیحن لە زمانی یۆنانیدا (لە مەسیحدا) بەکارهاتووە.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.