Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

دووەم کۆرنسۆس 13

خۆتان تاقی بکەنەوە

ئەمە سێیەم جارە کە دێمە لاتان. ﴿هەر بابەتێک لەسەر زاری دوو یان سێ شایەت ڕاستییەکەی دەسەلمێنرێت.﴾1 پێشتر گوتوومە وەک دووەم جار لەلاتان بووم و ئێستاش کە لێتان دوورم دەیڵێمەوە، بۆ ئەوانەی پێشتر گوناهیان کردووە و بۆ هەموو ئەوانەی دیکەش: کە دێمەوە بەزەییم نابێت، چونکە ئێوە داوای بەڵگە دەکەن کە مەسیح لە ڕێگەی منەوە دەدوێت. ئەو لە هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ ئێوە لاواز نییە، بەڵکو لەنێوتاندا بەهێزە. هەرچەندە لە لاوازیدا لە خاچ درا، بەڵام بە هێزی خودا دەژیێت. هەروەها ئێمەش بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا لاوازین، بەڵام ئێمە لە هەڵسوکەوتکردنمان لەگەڵ ئێوە بە هێزی خودا لەگەڵ ئەودا دەژین.

خۆتان تاقی بکەنەوە ئاخۆ ئێوە باوەڕدارن. لە خۆتان بکۆڵنەوە. ئایا نازانن کە عیسای مەسیح لە ئێوەدایە؟ مەگەر ئەوەی لە تاقیکردنەوە سەرکەوتوو نەبووبن. بەڵام هیوادارم بزانن کە ئێمە نەکەوتووین. ئینجا لە خودا دەپاڕێینەوە کە ئێوە هیچ خراپەیەک نەکەن، ئەمەش لەبەر ئەوە نییە کە دەربکەوێت ئێمە بەرگەی تاقیکردنەوەمان گرتووە، بەڵکو تەنها بۆ ئەوەیە کە ئێوە چی چاک و ڕاستە بیکەن، هەرچەندە خەڵکی بە سەرکەوتوومان نەزانن، چونکە ناتوانین هیچ شتێک لە دژی ڕاستی بکەین، بەڵکو لە پێناوی ڕاستی. شادین کە لاوازین و ئێوە بەهێزن، نوێژی ئێمەش بۆ تەواویی ئێوەیە. بۆیە ئەمانە دەنووسم و دوورم، تاوەکو کاتێک لەلاتان ئامادە دەبم بە ڕەقی نەجوڵێمەوە، بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتەی مەسیحی باڵادەست پێی بەخشیوم بۆ بنیادنانتان، نەک بۆ وێرانکردنتان.

هاندان و سڵاوی کۆتایی

لە کۆتاییدا، خوشکان، برایان دڵشاد بن. بۆ کامڵی و تەواوی هەوڵ بدەن، یەکتری هانبدەن، هاوبیر بن، بە ئاشتی بژین. ئەوسا خودای خۆشەویستی و ئاشتی لەگەڵتان دەبێت.

بە ماچی پیرۆز سڵاو لە یەکتری بکەن.

هەموو گەلی پیرۆزی خودا لێرە سڵاوتان لێدەکەن.

با نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ و خۆشەویستی خودا و هاوبەشی ڕۆحی پیرۆز لەگەڵ هەمووتان بێت.

Source notes (1)
  1. Footnote دواوتار 19‏:15‏ .‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.