Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

دەرچوون 3

موسا و ئاگرێک لەناو دەوەنێک

موسا بووە شوانی مەڕەکانی یەترۆی خەزووری، کە کاهینی میدیان بوو. مەڕەکانی بردە ئەوپەڕی دەشتودەرەکە هەتا گەیشتە کێوی خودا، حۆرێڤ. لەوێ لەناو گڕی ئاگرێک لە دەوەنێک فریشتەی یەزدانی بۆ دەرکەوت. کە موسا تەماشای کرد بینی وا دەوەنەکە گڕی گرتووە، کەچی ناسووتێت. موسا گوتی: «لادەدەم و تەماشای ئەو دیمەنە مەزنە دەکەم. بۆچی دەوەنەکە ناسووتێت؟»

کاتێک یەزدان بینی کە موسا لایدا بۆ ئەوەی تەماشا بکات، خودا لەناو دەوەنەکەوە بانگی کرد و فەرمووی: «موسا. موسا.»

ئەویش گوتی: «ئەوەتام.»

فەرمووی: «نزیکی ئێرە مەکەوە. پێڵاوەکانت لە پێت دابکەنە، چونکە ئەو شوێنەی تۆ لەسەری وەستاویت خاکێکی پیرۆزە.» ئینجا فەرمووی: «من خودای باوکتم، خودای ئیبراهیم و خودای ئیسحاق و خودای یاقوبم.» موسا ڕووی خۆی داپۆشی، چونکە دەترسا تەماشای خودا بکات.

یەزدان فەرمووی: «بەڕاستی من زەلیلی گەلەکەمم لە میسر بینی، هەروەها گوێم لە هاواریان بوو لەبەر سەرکارەکانیان، چونکە بە ئازارەکانیانم زانی. ئەوا هاتمە خوارەوە بۆ ئەوەی فریایان بکەوم لە دەست میسرییەکان و لەو خاکەوە بیانبەم بۆ خاکێکی باش و فراوان، بۆ خاکێک شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت، بۆ شوێنی کەنعانی، حیتی، ئەمۆری، پریزی، حیڤی و یەبوسییەکان. ئێستا هاواری نەوەی ئیسرائیل گەیشتە لام و هەروەها ئەو چەوسانەوەیەم بینی کە بە دەست میسرییەکان دەیچێژن. ئێستاش بڕۆ و دەتنێرم بۆ لای فیرعەون و گەلەکەی خۆم، نەوەی ئیسرائیل لە میسر بهێنە دەرەوە.»

بەڵام موسا بە خودای گوت: «من کێم هەتا بچمە لای فیرعەون و نەوەی ئیسرائیل لە میسر بهێنمە دەرەوە؟»

ئەویش فەرمووی: «من لەگەڵت دەبم، ئەمەش دەبێتە نیشانە بۆت کە من تۆم ناردووە، کاتێک گەل لە میسرەوە دەردەهێنیت، ئێوە لەسەر ئەم کێوە خودا دەپەرستن.»

موساش بە خودای گوت: «من وا دەچمە لای نەوەی ئیسرائیل و پێیان دەڵێم ”خودای باپیرانتان منی بۆ ئێوە ناردووە.“ ئەگەر پێم بڵێن: ”ناوی چییە،“ بڵێم چی؟»

خوداش بە موسای فەرموو: «من هەم ئەوەی کە هەم.» هەروەها فەرمووی: «ئاوا بە نەوەی ئیسرائیل دەڵێیت: ” ’هەم‘ منی بۆ ئێوە ناردووە.“»

هەروەها خودا بە موسای فەرموو: «ئاوا بە نەوەی ئیسرائیل دەڵێیت: ”یەزدان1، پەروەردگاری باوکانتان، خودای ئیبراهیم و خودای ئیسحاق و خودای یاقوب منی بۆ ئێوە ناردووە.“

«هەتاهەتایە ئەمە ناومە و

ئەمەش دێتەوە یادتان،

نەوە دوای نەوە.

«بڕۆ و پیرانی ئیسرائیل کۆبکەرەوە و پێیان بڵێ: ”یەزدان، پەروەردگاری باوکانتان، خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب بۆم دەرکەوت، فەرمووی، بەڕاستی ئێوە و ئەوەی لە میسردا بەسەرتان هاتووە بەسەرم کردووەتەوە. هەروەها بەڵێنم داوە، لە زەلیلی میسر سەرتان بخەم و بتانبەم بۆ خاکی کەنعانی، حیتی، ئەمۆری، پریزی، حیڤی و یەبوسییەکان، بۆ خاکێک شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت.“

«پیرانی ئیسرائیل گوێ لە قسەکانت دەگرن. ئەو کاتە تۆ و پیرانی ئیسرائیل دەچنە لای پاشای میسر و پێی دەڵێن: ”یەزدان، پەروەردگاری عیبرانییەکان بەسەریکردینەوە، ئێستاش سێ ڕۆژەڕێ دەڕۆین لە دەشتودەر قوربانی بۆ یەزدانی پەروەردگارمان سەردەبڕین.“ بەڵام دەزانم پاشای میسر ناهێڵێت بڕۆن، تاوەکو بە دەستێکی بەهێز ناچار نەکرێت. ئیتر من دەستم درێژ دەکەم و بە هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانم کە لەناویاندا دەیکەم، لە میسر دەدەم، دوای ئەوە دەهێڵێت بڕۆن.

«ئەم گەلەش لەبەرچاوی میسرییەکان ڕێزدار دەکەم، هەتا کاتی ڕۆیشتن بە دەستبەتاڵی نەڕۆن. بەڵکو هەر ژنێک لە دراوسێکەی یاخود لەوەی لە ماڵەکەیدا دەژیێت، داوای کەلوپەلی زێڕ و زیو و جلوبەرگ دەکات و لەبەر کوڕ و کچەکانتانی دەکەن و میسرییەکان تاڵان دەکەن.»

Source notes (1)
  1. Footnote یەزدان: لە زمانی عیبری بە وشەی یەهوا‏ هاتووە. خودا ئەم ناوەی بۆ خۆی بەکارهێناوە، بۆ پەیمانبەستن لەگەڵ مرۆڤ.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.