Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

دەرچوون 2

لەدایکبوونی موسا

پیاوێک لە بنەماڵەی لێڤی کچێکی لێڤی هێنا. ژنەکە سکی پڕ بوو و کوڕێکی بوو، کە بینی منداڵەکە جوانە، سێ مانگ شاردییەوە. بەڵام کاتێک نەیتوانی لەوە زیاتر بیشارێتەوە، سەبەتەیەکی لە زەل دروستکراوی هێنا و بە قیر و زفت سواخی دا و کوڕەکەی لەناو دانا، ئینجا لە کەناری نیل لەناو قامیشەڵان داینا. خوشکی منداڵەکەش لە دوورەوە وەستا بۆ ئەوەی بزانێت چی لێدێت.

کچی فیرعەونیش کە بۆ خۆشوشتن هاتە خوارەوە بۆ سەر ڕووباری نیل و کەنیزەکانیشی لەسەر کەناری نیل هاتوچۆیان دەکرد، سەبەتەکەی لەناو قامیشەڵانەکە بینی و کچە خزمەتکارەکەی نارد تاکو بیهێنێت. ئەویش کردییەوە و تەماشای منداڵەکەی کرد، بینی کوڕێکە و دەگریێ، بەزەیی پێدا هاتەوە و گوتی: «ئەمە یەکێکە لە منداڵی عیبرانییەکان.»

خوشکی منداڵەکەش لە کچی فیرعەونی پرسی: «ئایا بچم ژنێکی شیردەری عیبرانیت بۆ بانگ بکەم بۆ ئەوەی شیر بە منداڵەکە بدات؟»

کچی فیرعەونیش وەڵامی دایەوە: «بڕۆ.» کچە عازەبەکەش چوو دایکی منداڵەکەی بانگکرد. کچی فیرعەونیش پێی گوت: «ئەم منداڵە ببە و شیری بدە بۆم، منیش کرێیەکەت دەدەمێ.» ژنەش منداڵەکەی برد و شیری دایێ. کاتێک منداڵەکە گەورە بوو، بۆ کچی فیرعەونی هێنایەوە، ئیتر بوو بە کوڕی ئەو و ناوی لێنا «موسا1» و گوتی: «لەبەر ئەوەی لەناو ئاو هەڵمگرتووەتەوە.»

هەڵاتنی موسا بەرەو میدیان

کاتێک موسا گەورە بوو، ڕۆژێکیان چووە دەرەوە بۆ لای براکانی و سەیری بارگرانییەکانی کرد و بینی پیاوێکی میسری لە پیاوێکی عیبرانیی برای دەدات. ئەویش تەماشای ئەم لا و ئەو لای کرد و بینی کەسی لێ نییە، ئیتر میسرییەکەی کوشت و لەناو لم شاردییەوە. بۆ ڕۆژی دووەم چووە دەرەوە و بینی دوو پیاوی عیبرانی شەڕ دەکەن. لە خەتابارەکەی پرسی: «بۆچی لە هاوەڵەکەت دەدەیت؟»

ئەویش گوتی: «کێ تۆی کردووە بە گەورە و دادوەر بەسەرمانەوە؟ ئایا دەتەوێ بمکوژیت هەروەک میسرییەکەت کوشت؟» جا موسا ترسا و گوتی: «بێگومان ئەم کارە زانراوە!»

کاتێک فیرعەون گوێی لەمە بوو، هەوڵی دا موسا بکوژێت، بەڵام موسا لە دەست فیرعەون هەڵات و لە خاکی میدیان جێگیر بوو، لەلای بیرێک دانیشت. کاهینی میدیانیش حەوت کچی هەبوو، هاتن و ئاویان هەڵکێشا، ئاخوڕەکانیان پڕکرد بۆ ئاودانی مەڕەکانی باوکیان. لەو کاتەدا شوان هاتن و دەریانکردن، بەڵام موسا هەستا و فریایان کەوت و مەڕەکانی ئاودان.

کچەکانیش هاتنە لای ڕەعوئێلی2 باوکیان، ئەویش لێی پرسین: «بۆچی ئەمڕۆ زوو هاتنەوە؟»

ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «پیاوێکی میسری فریامان کەوت لە دەست شوانەکان، هەروەها ئاوی بۆ کێشاین و مەڕەکانیشی ئاو دا.»

ئەویش بە کچەکانی گوت: «ئەی لەکوێیە؟ بۆ پیاوەکەتان بەجێهێشت؟ بانگهێشتی بکەن با نان بخوات.»

موسا ڕازی بوو لەگەڵ ئەو پیاوە بمێنێتەوە. ئەویش چیپۆرەی کچی دایە موسا. چیپۆرەش کوڕێکی بوو، موساش ناوی لێنا گێرشۆم3، چونکە گوتی: «نامۆ بووم لە خاکی بێگانە.»

ئەوە بوو لەو ماوە درێژە، پاشای میسر مرد. نەوەی ئیسرائیلیش ئاهیان هەڵکێشا لە دەست کۆیلایەتی و هاواریان کرد بۆ یارمەتی، گریانەکەیان بەهۆی کۆیلایەتییەوە بۆ خودا بەرزبووەوە. خوداش گوێی لە ناڵەیان بوو و پەیمانەکەی خۆی لەیاد بوو لەگەڵ ئیبراهیم4 و ئیسحاق و یاقوب. ئیتر خودا ڕوانییە نەوەی ئیسرائیل و بایەخی پێدان.

Source notes (4)
  1. Footnote موسا نزیکە لە وشەی (مۆشێ)ی عیبرییەوە کە بە واتای دەرکردن یان هێنانە دەرەوە دێت.‏
  2. Footnote لەوە دەچێت کە ڕەعوئێل نازناوی کاهینی میدیان بێت و خۆی ناوی یەترۆیە کە دواتر دەبێتە خەزووری موسا. بڕوانە 3‏:1 و 18‏:1‏ .‏
  3. Footnote لە زمانی عیبریدا دەربڕینێکە لە وشەی بێگانەوە نزیکە.‏
  4. Footnote بڕوانە پەیدابوون 15‏:1‏-16‏ ‏.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.