Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

دووەم تیمۆساوس 3

نیشانەکانی ڕۆژانی دوایی

ئەوە بزانە کە لە ڕۆژانی کۆتاییدا کاتێکی تەنگانە دادێت، چونکە خەڵکی خۆیان خۆشدەوێ، پارەیان خۆشدەوێ، لووتبەرزن، خۆهەڵکێشن، زمانپیسن، گوێڕایەڵی دایک و باوک نابن، سوپاسگوزار نین، گڵاون، بێ خۆشەویستین، گەردن ئازاد ناکەن، بوختانکەرن، بەسەرخۆدا زاڵنەبوون، دڕندەن، حەز لە چاکە ناکەن، ناپاکن، سەرەڕۆ و لەخۆبایین، زیاتر حەزیان لە چێژە نەک خۆشەویستی خودا، ڕواڵەتی خواترسییان هەیە، بەڵام نکۆڵی لە هێزەکەی دەکەن. جا لەوانە دوور بکەونەوە.

ئەوانە لەو جۆرە کەسانەن کە بە ماڵاندا دەگەڕێن، ژنە لاوازەکان دەستەمۆ دەکەن، کە بە بارگرانی گوناهەوە شوێنی هەموو جۆرە هەوەسێک کەوتوون، هەردەم فێر دەبن، بەڵام هەرگیز ناتوانن ڕاستی بناسن. وەک چۆن یەنیس و یەمبریس1 بەربەرەکانێی موسایان کرد، ئەوانەش بەربەرەکانێی ڕاستی دەکەن. ئەو پیاوانە مێشکیان گەندەڵ بووە و لەلایەن باوەڕەکەوە ڕەتکراونەتەوە. بەڵام زیاتر پێش ناکەون، چونکە گێلایەتییان بۆ هەمووان دەردەکەوێت، وەک گێلایەتی ئەوانی لێهات.

لەسەر باوەڕت بمێنەوە

بەڵام تۆ، فێرکردن و شێوازی ژیان، ئامانج و باوەڕ، ئارامگرتن و خۆشەویستی و دانبەخۆداگرتن، چەوسانەوە و ئازاری منت زانی، ئەوەی لە ئەنتاکیا و کۆنیا و لیسترا بەسەرم هات و بەرگەی چ چەوسانەوەیەکم گرت، بەڵام مەسیحی باڵادەست لە هەموویان دەربازی کردم. هەموو ئەوانەی دەیانەوێ بە لەخواترسییەوە بە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیح بژین، دەچەوسێنرێنەوە، بەڵام خراپەکار و فێڵبازان بەرەو خراپتر دەڕۆن کە چەواشەکار و چەواشەکراون. بەڵام تۆ، لەسەر ئەوە بمێنەوە کە فێری بوویت و دڵنیابوویت، چونکە زانیت لە کێ فێربوویت، هەروەها لە منداڵییەوە لە نووسراوە پیرۆزەکانەوە دەزانیت کە دەتوانن لە ڕێگەی باوەڕ بە عیسای مەسیح بتکەنە دانا بۆ بەدەستهێنانی ڕزگاری. هەموو نووسراوە پیرۆزەکان لە سروشی خودان2، سوودبەخشن بۆ فێرکردن و سەرزەنشت و ڕاستەڕێکردن و لێڕاهێنان لە ڕاستودروستی، تاکو پیاوی خودا تەواو ئامادە بێت بۆ هەموو کارێکی باش.

Source notes (2)
  1. Footnote دوو جادووگەری میسری بوون کە لە کۆشکی فیرعەون بەربەرەکانێی موسایان کرد، بڕوانە دەرچوون 7‏:11‏ ‏.‏
  2. Footnote یۆنانی: فووی خودا.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.