Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

دووەم تیمۆساوس 2

بەشداری ئازار بکە

بۆیە کوڕی خۆم، تۆ بەهێز بە بەو نیعمەتەی کە لە عیسای مەسیحدایە. ئەوەی لەبەردەم چەندین شایەتدا لە منت بیستووە، بە خەڵکی دڵسۆزی بسپێرە کە لێهاتوو بن بۆ ئەوەی خەڵکی دیکەش فێربکەن. وەک سەربازێکی چاک بۆ عیسای مەسیح، لەگەڵمان بەشداری لە ئازار بکە. هیچ سەربازێک خۆی بە کاروباری ڕۆژگارەوە خەریک ناکات تاکو فەرماندەکەی ڕازی بکات. ئەگەر یەکێک پێشبڕکێ بکات، خەڵات ناکرێت ئەگەر شوێن یاسای پێشبڕکێکە نەکەوێت. جوتیاری ڕەنجدەر دەبێ یەکەم کەس بێت بەشی خۆی لە بەرهەمەکە ببات. بیربکەوە لەوەی دەیڵێم، مەسیحی خاوەن شکۆ یارمەتیت دەدات لە هەموو شتێک تێبگەیت.

یادی عیسای مەسیح بکە، کە لەنێو مردووان هەستایەوە و لە نەوەی داود بوو. ئەمە پەیامی ئینجیلەکەمە، کە لە پێناویدا ئازار دەچێژم و وەک تاوانبارێک کۆت و زنجیر کراوم، بەڵام وشەی خودا کۆت ناکرێت. بۆیە بەرگەی هەموو شتێک دەگرم لەبەر ئەوانەی خودا هەڵیبژاردن، تاکو ئەوانیش ئەو ڕزگارییە بەدەستبهێنن کە بەهۆی عیسای مەسیحەوەیە، لەگەڵ شکۆی هەتاهەتایی.

ئەم قسەیە ڕاستە:

«ئەگەر لەگەڵیدا مردبین،

لەگەڵیشی دەژین،

ئەگەر دانبەخۆدا بگرین،

لەگەڵیدا پاشایەتی دەکەین.

ئەگەر نکۆڵی لێ بکەین،

ئەویش نکۆڵیمان لێدەکات.

ئەگەر دڵسۆز نەبین،

ئەو هەر بە دڵسۆزی دەمێنێتەوە،

چونکە ناتوانێت نکۆڵی لە خۆی بکات.»

کارگەری وشەی ڕاست

ئەمانەیان بیربخەوە و لە شەڕەقسە ئاگاداریان بکەوە لەبەردەم خودا، چونکە سوودی نییە، بەڵکو بیسەران دەڕووخێنێت. کۆشش بکە وەک کارگەرێکی بێ شەرمەزاری خۆت بسەلمێنی بۆ خودا، بە ڕێگای ڕاست وشەی ڕاستی لێک بدەیتەوە. خۆت لە قسەی هیچوپووچ بپارێزە، چونکە زیاتر و زیاتر مرۆڤ بەرەو خوانەناسی دەبات. وشەکانیان وەک لاڕەشەیە1 تەشەنە دەکات. لەوانە هیمینایۆس و فیلێتۆس، کە لە ڕاستی دەرچوون و دەڵێن هەستانەوە ڕوویداوە، ئیتر باوەڕی هەندێک هەڵدەگێڕنەوە. بەڵام بناغە توندەکەی خودا چەسپاوە، ئەم مۆرەی لەسەرە: ﴿یەزدان ئەوانەی هی خۆیەتی دەیانناسێت،﴾2 هەروەها «ئەوەی ناوی یەزدانی لەسەرە، با لە بەدکاری دووربکەوێتەوە.»

بەڵام لە ماڵێکی گەورەدا تەنها قاپوقاچاغی زێڕ و زیو نییە، بەڵکو دارینە و گڵینیش هەیە کە هەندێکیان بۆ ڕێزلێنانن و هەندێکی دیکەشیان بۆ کاروباری ئاسایین. بۆیە ئەگەر یەکێک خۆی لەمانە پاک بکاتەوە، ئەوا دەبێتە جامێک بۆ ڕێزلێنان، پیرۆز3 و سوودبەخش بۆ گەورەکەی، ئامادە بۆ هەموو کارێکی چاک.

لە هەوەسەکانی گەنجییەتی ڕابکە، کۆشش بکە بۆ ڕاستودروستی و باوەڕ و خۆشەویستی و ئاشتی لەگەڵ ئەوانەی بە دڵێکی پاک لە مەسیحی باڵادەست دەپاڕێنەوە. لە گفتوگۆی پووچ و نەزان دووربکەوە، بزانە شەڕی لێ دەکەوێتەوە. بەندەی مەسیحی خاوەن شکۆ نابێت شەڕفرۆش بێت، بەڵکو دەبێت لەگەڵ هەمووان میهرەبان بێت، توانای فێرکردنی هەبێت، هەروەها پێویستە لە کاتی تەنگانەدا دان بەخۆیدا بگرێت. ئەوانەی بەربەرەکانێی دەکەن بە دڵنەرمی ڕاستیان بکاتەوە، بە هیوای ئەوەی خودا تۆبەکردنی ڕاستی ناسینیان بداتێ و لە داوی شەیتان هۆشیان بەخۆیاندا بێتەوە، ئەوەی بۆ ئەنجامدانی خواستی خۆی بەندی کردن.

Source notes (3)
  1. Footnote یۆنانی: گانگرین‏، نەخۆشییەکی کوشندەیە.‏
  2. Footnote سەرژمێری 16‏:5‏ ‏
  3. Footnote تەرخانکراو‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.