Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

زەکەریا 1

بانگەوازی گەڕانەوە بۆ لای یەزدان

لە مانگی هەشتی ساڵی دووەمی داریوش، فەرمایشتی یەزدان بۆ زەکەریای پێغەمبەر کوڕی بەرەخیای کوڕی عیدۆ هات:

«یەزدان زۆر لە باوباپیرانتان تووڕە بوو. لەبەر ئەوە بە گەل دەڵێیت: یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”بگەڕێنەوە بۆ لام، منیش دەگەڕێمەوە بۆ لاتان.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە. وەک باوباپیرانتان مەبن، ئەوانەی پێغەمبەرەکانی پێشوو پێیان ڕاگەیاندن: یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: ”لە ڕەفتارە خراپ و نەریتە خراپەکانتان بگەڕێنەوە.“ بەڵام گوێیان نەگرت و سەرنجیان نەدامێ. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. ئێستا باوباپیرانتان لەکوێن؟ هەروەها پێغەمبەرەکان، ئایا هەتاهەتایە دەژین؟ بەڵام فەرمایشت و فەرزەکانم کە بەندە پێغەمبەرەکانم پێ ڕاسپارد، ئایا بە باوباپیرانتان نەگەیشت؟

«ئینجا تۆبەیان کرد و گوتیان: ”هەروەک ئەوەی یەزدانی سوپاسالار مەبەستی بوو پێمانی بکات، بەپێی ڕەفتار و نەریتەکانمان، ئاوای پێ کردین.“»

پیاوێک لەنێو دار مۆردەکان

لە بیست و چواری یازدە کە مانگی شوباتە لە دووەم ساڵی داریوش، پەیامی یەزدان بۆ زەکەریای پێغەمبەر کوڕی بەرەخیای کوڕی عیدۆ هات.

لە شەودا بینینێکم بۆ ئاشکرا کرا: لەبەردەمم پیاوێک سواری ئەسپێکی سوور بووە. پیاوەکە لە شیوێک لەنێو دار مۆردەکان1 ڕاوەستاوە، لە پشتییەوە ئەسپی سوور و زەرد و سپی هەبوو.

ئینجا پرسیارم کرد: «گەورەم، ئەمانە چین؟»

ئەو فریشتەیەی کە قسەی لەگەڵم دەکرد وەڵامی دامەوە: «من پیشانت دەدەم ئەمانە چین.»

ئینجا ئەو پیاوەی لەنێو دار مۆردەکان ڕاوەستا بوو فەرمووی: «ئەمانە ئەوانەن کە یەزدان ناردوونی تاکو بەناو زەویدا بگەڕێن.»

ئینجا وەڵامی فریشتەکەی یەزدانیان دایەوە ئەوەی لەنێو دار مۆردەکان وەستابوو و گوتیان: «بەناو زەویدا گەڕاین، هەموو زەوی حەساوەتەوە و لە ئارامیدایە.»

ئینجا فریشتەکەی یەزدان فەرمووی: «ئەی یەزدانی سوپاسالار، هەتا کەی تۆ بەزەییت بە ئۆرشەلیم و شارۆچکەکانی یەهودا نایەتەوە کە ئەم حەفتا ساڵە لێیان تووڕە بوویت؟» یەزدانیش بە قسەی خۆش و دڵدانەوە وەڵامی ئەو فریشتەیەی دایەوە کە قسەی لەگەڵم دەکرد.

ئینجا ئەو فریشتەیەی قسەی لەگەڵ دەکردم پێی گوتم: «ئەم پەیامە ڕابگەیەنە: یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”خۆشەویستییەکی بێ پایانم2 بۆ ئۆرشەلیم و سییۆن هەیە. زۆریش لەو نەتەوانە تووڕەم کە لەخۆڕازین. من کەمێک تووڕە بووم، بەڵام ئەوان لە سزادانەکە درێژدادڕییان کرد.“

«لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”بە بەزەییەوە دەگەڕێمەوە بۆ ئۆرشەلیم و لەوێ ماڵەکەم بنیاد دەنرێتەوە. گوریسی پێوانەش بەسەر ئۆرشەلیمدا ڕادەکێشرێت.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.

«هەروەها ڕایبگەیەنە: یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”دیسان شارۆچکەکانم سەرڕێژ دەبن لە خێروخۆشی، یەزدان دووبارە دڵی سییۆن دەداتەوە و ئۆرشەلیم هەڵدەبژێرێتەوە.“»

چوار قۆچ و چوار پیشەوەر

پاشان چاوم هەڵبڕی و بینیم چوار قۆچ لەبەردەمم بوون. لەو فریشتەیەم پرسی کە قسەی لەگەڵ دەکردم: «ئەمانە چین؟»

ئەویش وەڵامی دامەوە: «ئەمانە ئەو قۆچانەن کە یەهودا و ئیسرائیل و ئۆرشەلیمیان پەرتوبڵاو کردەوە.»

ئینجا یەزدان چوار پیشەوەری پیشان دام. پرسیارم کرد: «ئەمانە هاتوون چی بکەن؟»

ئەویش وەڵامی دامەوە: «ئەمانە ئەو قۆچانەن کە یەهودایان پەرتوبڵاو کردەوە، تاکو کەس نەتوانێت سەری بەرز بکاتەوە، بەڵام پیشەوەرەکان هاتوون تاکو بیانتۆقێنن و قۆچەکانی نەتەوەکان فڕێبدەن، ئەوانەی قۆچیان بەسەر خاکی یەهودا بەرزکردووەتەوە بۆ پەرتوبڵاوکردنی خەڵکەکەی.»

Source notes (2)
  1. Footnote مۆرد: دارێکە گەڵاکانی بەبریقە و سەوزێکی تۆخە، گوڵی سپی دەگرێت و بۆنی خۆشە، لە بێت‌لەحم و حەبرۆن هەیە. ئێستا لە ڕۆژهەڵات پێی دەگوترێت (ئاس).‏
  2. Footnote عیبری: زۆر ئیرەدارم. لێرەدا وشەی (ئیرەدار) واتایەکی ئەرێنی لەخۆ دەگرێت، چونکە خودا مرۆڤی خۆشدەوێت و نایەوێت کەسێک پەیوەندی نێوانیان تێک بدات.

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.