Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
گۆرانی گۆرانییەکان 7
ئەی کچە میر،
پێیەکانت لەناو پێڵاو چەندە جوانن!
کەوانی ڕانت وەک خشڵە
دەستکردی دەستی وەستای کارامەیە.
ناوکت جامێکی خڕە
شەرابی تێکەڵاوی لێ کەم ناکات،
ناوقەدت خەرمانی گەنمە
بە سەوسەن پەرژین کراوە.
جووتە مەمکەکەت وەک دوو کارمامزن،
وەک جووتێک مامزن.
گەردنت قوللەیەکی عاجە.
چاوەکانت وەک گۆمن لە حەشبۆن
لەبەردەم دەروازەی بەت ڕەبیم.
لووتت وەک قوللەی لوبنانە
ڕووەو دیمەشق دەڕوانێت.
سەرت وەک کێوی کارمەلە بەسەرتەوە و
پرچی سەرت ئەرخەوانییە،
پاشا بەندی ئەگریجەکانە.
چەند جوان و چەند شیرینیت،
ئەی ئەویندارەکەم، من بە تۆ دڵشادم!
ئەم بەژنەت لە دار خورما دەچێت،
مەمکەکانت لە هێشوو.
گوتم: «بەسەر دار خورما دەکەوم،
خۆم بە بەرهەمەکەی دەگرم.»
با مەمکەکانت وەک هێشووە ترێ بن،
بۆنی هەناسەت وەک سێو بێت،
دەمت وەک باشترین جۆری شەراب بێت.
ئەویندار
با شەرابەکە بە ئاسانی بۆ دڵدارەکەم بڕژێت،
بە نەرمی بەسەر لێو و دداندا بڕوات.
من بۆ دڵدارەکەمم و
ئەو پەرۆشی منە.
دڵدارەکەم، وەرە با بچینە کێڵگە،
لە گوندەکان شەو بەسەرببەین.
با بەیانی زوو بگەینە سەر ڕەزەمێوەکان،
ببینین ئاخۆ دار مێو چەکەرەی کردووە،
پەسیرەکان کراونەتەوە،
هەناریش پشکوتووە؟
لەوێ ئەوینەکەمت پێ دەبەخشم.
گیائادەمە1 بۆن بڵاو دەکاتەوە،
لە بەردەرگاکەشمان هەموو میوەیەکی بەتام هەیە،
کۆن و نوێ
کە بۆ تۆم هەڵگرتووە، ئەی دڵدارەکەم.
Source notes (1)
- Footnote بڕوانە پەیدابوون 30:14-16.
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.