Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

ڕائووس 3

ڕائووس و بۆعەز لە جۆخینەکە

ڕۆژێکیان ناعۆمی خەسووی بە ڕائووسی گوت: «کچم، ئایا هەوڵ نەدەم ماڵێکت بۆ پەیدا بکەم کە تێیدا بحەوێیتەوە؟ بۆعەز ئەوەی کە لەگەڵ کچە خزمەتکارەکانی بوویت خزممانە و ئەوەتا ئەمشەو لەسەر جۆخینەکە1 شەنی جۆ دەکات. خۆت بشۆ و بۆن لە خۆت بدە و خۆت بگۆڕە. پاشان بڕۆ بۆ سەر جۆخینەکە، بەڵام خۆت بۆ پیاوەکە ئاشکرا مەکە هەتا لە خواردن و خواردنەوە دەبێتەوە. هەرکە پاڵکەوت، بزانە شوێنی پاڵکەوتنەکەی کوێیە. بڕۆ لای پێی هەڵبدەوە و پاڵبکەوە، ئیتر خۆی پێت دەڵێت چی بکەیت.»

ئەویش پێی گوت: «هەرچییەکت گوت دەیکەم.» ئیتر چووە سەر جۆخینەکە و هەموو ئەوەی کە خەسووی فەرمانی پێدا کردی.

بۆعەز خواردی و خواردیەوە و دڵی خۆش بوو و چووە ژوورەوە بۆ ئەوەی لە قەراغی دانەوێڵە کۆکراوەکەدا پاڵ بکەوێت. ئەویش بەدزییەوە چووە ژوورەوە و لای پێیەکانی بۆعەزی هەڵدایەوە و پاڵکەوت. لە نیوەشەودا بۆعەز پەشۆکا، ئاوڕی دایەوە و بینی ژنێک لەلای پێیەوە پاڵکەوتووە.

گوتی: «تۆ کێیت؟»

ئەویش گوتی: «من ڕائووسی کارەکەری تۆم. دامێنی کراسەکەت بدە2 بەسەر خزمەتکارەکەتدا، چونکە تۆ خوێنگری منیت.»

ئەویش گوتی: «کچەکەم، با تۆ لەلایەن یەزدانەوە بەرەکەتدار بیت، چونکە ئەم چاکەیەی دواییت زیاترە لەوەی یەکەم جارت. تۆ هەوڵت نەداوە شوێن لاوان بکەویت، هەژار بن یان دەوڵەمەند. ئێستاش کچی خۆم، مەترسە. هەرچییەک بڵێی بۆت دەکەم، چونکە هەموو خەڵکی شارۆچکەکەم دەزانن کە تۆ ژنێکی ڕەوشت بەرزیت. ڕاستە من خوێنگرم، بەڵام خوێنگرێکی دیکە هەیە کە لە من پێشترە.3 ئەمشەو بخەوە، بەیانی ئەگەر ئەو خزمە بە مافی پێشینەیی خزمایەتی هەستا ئەوا باشە، با بەجێی بهێنێت. بە یەزدانی زیندوو! ئەگەر ئەو نەیویست مافی پێشینەیی خزمایەتی بەجێبهێنێت، ئەوا من بەجێی دەهێنم. تۆ هەتا بەیانی پاڵبکەوە.»

ئەویش لەلای پێیەوە پاڵکەوت هەتا بەرەبەیان، ئینجا پێش ئەوەی کەسێک بتوانێت بیناسێتەوە، هەستا. بۆعەز گوتی: «با کەس نەزانێت کە ئافرەتێک هاتووە بۆ سەر جۆخینەکە.»

ئینجا بۆعەز بە ڕائووسی گوت: «چارۆکەکەی بەرت بهێنە و بیگرەوە.» ئەویش گرتییەوە و بۆعەزیش شەش پێوانە جۆی کردە ناوی و دای بەسەر شانیدا. ئینجا بۆعەز چووە ناو شارۆچکەکەوە.

ڕائووسیش کە هات بۆ لای خەسووی، خەسووی لێی پرسی: «کچم چیت کرد؟»

ئەویش پیاوەکە هەرچییەکی بۆ کردبوو بۆی گێڕایەوە. گوتی: «ئەم شەش پێوانە جۆیە ئەو پێیدام، چونکە گوتی: ”بە دەستبەتاڵی مەچووەوە لای خەسووت.“»

ئینجا ناعۆمی گوتی: «کچم، دابنیشە هەتا دەزانیت کارەکە چی لێدێت، چونکە پیاوەکە هێور نابێتەوە هەتا ئەمڕۆ کارەکە تەواو نەکات.»

Source notes (3)
  1. Footnote جۆخین یان سەرخەرمان ئەو زەوییە تەرخانکراوەیە کە لەلایەن وەرزێر و جوتیارەوە بەکارهێنراوە بۆ کوتانی دانەوێڵە لەسەری لەدوای کۆکردنەوەی لە کێڵگە.‏
  2. Footnote پێدادانی دامێنی کراس، دەربڕینێکە بۆ مارەبڕین بەکاردێت. لێرەدا ڕائووس مەبەستی ئەوەیە کە بۆعەز هاوسەرگیری لەگەڵ بکات.‏
  3. Footnote لە من پێشترە: بڕوانە لێڤییەکان 25‏:25‏ ‏.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.