Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
ڕۆما 16
سڵاوی تایبەتی
سەبارەت بە فیبی خوشکمان کە خزمەتکارە لە کڵێسای کەنخریا، ڕاتاندەسپێرم بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە پێشوازی لێ بکەن، بە پێشوازییەک کە شایانی خوشک و برای پیرۆز بێت. لە هەر شتێک پێویستی پێتان بوو یارمەتی بدەن، چونکە یارمەتی زۆر کەسی دا، بە منیشەوە.
سڵاو لە پریسکیلا و ئەکیلا بکەن کە هاوکاری منن لە خزمەتکردنی عیسای مەسیحدا1، ئەوانەی لە پێناو ژیانی من ژیانی خۆیان خستە مەترسییەوە، تەنها من سوپاسی ئەوانە ناکەم، بەڵکو هەموو کڵێساکانی ناجولەکەکانیش.
سڵاو لەو کڵێسایە بکەن لە ماڵەکەیانە.
سڵاو لە ئەپینەتوسی خۆشەویستم بکەن کە نۆبەرەی ئاسیایە بۆ مەسیح.
سڵاو لە مریەم بکەن کە زۆر پێتانەوە ماندوو بوو.
سڵاو لە ئەندرونیکۆس و یونیاسی خزمانم بکەن، کە لەگەڵم بەند کرابوون، ئەوانەی دیارن لەناو نێردراوان و پێش من لەگەڵ مەسیحدا2 بوونەتە یەک.
سڵاو لە ئەمپلیاتۆس بکەن، کە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحی خاوەن شکۆدا3 بووە بە هاوڕێیەکی خۆشەویستم.
سڵاو لە ئوربانۆس بکەن کە هاوکارمانە لە خزمەتکردنی مەسیحدا، هەروەها ستاخیسی خۆشەویستم.
سڵاو لە ئەپیڵەس بکەن، ئەوەی کە دڵسۆزی خۆی بۆ مەسیح سەلماند.
سڵاو لە ماڵی ئەرستۆبوڵس بکەن.
سڵاو لە هیرودیۆنی خزمم بکەن.
سڵاو لەوانە بکەن کە لە ماڵی نێرگزدا لەگەڵ مەسیحی خاوەن شکۆدا بوونەتە یەک.
سڵاو لە خوشکان تریفینا و تریفۆسا بکەن، کە لە پێناوی مەسیحی خاوەن شکۆدا ماندوو دەبن.
سڵاو لە پەرسیسی خوشکی خۆشەویست بکەن، کە لە پێناوی مەسیحی خاوەن شکۆدا زۆر ماندوو دەبێت.
سڵاو لە ڕوفوس بکەن کە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحی خاوەن شکۆدا هەڵبژێردراوە، هەروەها لە دایکی کە وەک دایکمە.
سڵاو بکەن لە ئەسینکریتۆس، فلیگۆن، هەرمەس، پەتروباس، هرماس و ئەو خوشک و برایانەی لەگەڵیانن.
سڵاو بکەن لە فیلۆلۆگۆس و جولیا، نیریۆس و خوشکەکەی و ئۆلەمپاس و هەموو ئەو خەڵکە پیرۆزەی خودا کە لەگەڵیانن.
بە ماچی پیرۆز سڵاو لە یەکتری بکەن.
هەموو کڵێساکانی مەسیح سڵاوتان لێدەکەن.
ئەی خوشک و برایان، لێتان دەپاڕێمەوە، ئاگاتان لەوانە بێت کە ناکۆکی و کۆسپ دەنێنەوە، بە پێچەوانەی ئەو فێرکردنەی فێری بوون. لێیان دوور بکەونەوە. ئەو کەسانەی بەم شێوەیەن خزمەتی مەسیحی خاوەن شکۆمان ناکەن، بەڵکو خزمەتی سکی خۆیان دەکەن، بە قسەی خۆش و زمانلووسی دڵی ساکارەکان هەڵدەخەڵەتێنن. هەروەها هەواڵی ملکەچیتان بۆ خودا بە هەمووان گەیشتووە، بۆیە پێتان دڵخۆشم، بەڵام دەمەوێت لە چاکە دانا بن و لە خراپە بێبەری بن.
خودای ئاشتی بەم زووانە شەیتان لەژێر پێتان پان دەکاتەوە.
با نیعمەتی عیسای خاوەن شکۆمان لەگەڵتان بێت.
تیمۆساوسی هاوکارم سڵاوتان لێدەکات، هەروەها لوکیۆس و یاسون و سۆسیپاتەری خزمانم.
من، تەرتیۆس، نووسەری ئەم نامەیەم، بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە سڵاوتان لێدەکەم.
گایۆس کە خانەخوێی من و هەموو کڵێسایە سڵاوتان لێدەکات.
ئەراستۆسی خەزنەداری شار و کوارتۆسی برا سڵاوتان لێدەکەن.
[ با نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان لەگەڵ هەمووتان بێت. ئامین.]
ستایشی خودا
شکۆمەندی بۆ ئەو خودایەی کە توانای هەیە بتانچەسپێنێت بەگوێرەی مزگێنییەکەم و جاڕدانی عیسای مەسیح، بەگوێرەی ئاشکراکردنی ئەو نهێنییەی لە کاتە ئەزەلییەکانەوە بە شاراوەیی مابووەوە، بەڵام ئێستا لە ڕێگەی نووسراوی پێغەمبەرانەوە، بەگوێرەی ڕاسپاردەی خودای هەمیشەیی، ئاشکرا و زانراو بووە تاکو هەموو نەتەوەکان باوەڕ بە خودا بهێنن و گوێڕایەڵی بن، هەتاهەتایە شکۆمەندی بۆ تاقە خودای دانا، بەهۆی عیسای مەسیحەوە! ئامین.
Source notes (3)
- Footnote لە خزمەتکردنی عیسای مەسیحدا لە زمانی یۆنانیدا (لە عیسای مەسیحدا) بەکارهاتووە. هەروەها ئایەتی 9.
- Footnote لەگەڵ مەسیحدا بوونەتە یەک لە زمانی یۆنانیدا (لە مەسیحدا) بەکارهاتووە.
- Footnote بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحی خاوەن شکۆدا لە زمانی یۆنانیدا (لە پەروەردگاردا) بەکارهاتووە.
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.