Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

ڕۆما 1

لە پۆڵسی بەندەی عیسای مەسیحەوە کە خودا وەک نێردراوێک بانگی کرد و تەرخانی کرد بۆ ڕاگەیاندنی مزگێنییەکەی1، ئەو مزگێنییەی کە خودا پێشتر لە ڕێگەی پێغەمبەرەکانەوە لە نووسراوە پیرۆزەکاندا بەڵێنی دابوو، سەبارەت بە کوڕەکەی کە بە جەستە لە نەوەی داود بوو، هەروەها بەگوێرەی ڕۆحی پیرۆز و بە هێزی هەستانەوەی لەنێو مردووان عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان بە کوڕی خودا دیاری کرا. لە پێناوی ناوی مەسیح و لە ڕێگەی ئەوەوە، نیعمەت2 و نێردراویێتیمان وەرگرت، تاکو هەموو نەتەوەکان بانگ بکەین بۆ ئەوەی باوەڕ بە مەسیح بهێنن و گوێڕایەڵی بن. ئێوەش لەنێو ئەوانەدان کە خودا بانگی کردن بۆ ئەوەی هی عیسای مەسیح بن.

بۆ هەموو ئەوانەی خۆشەویستی خودان و لە ڕۆما دەژین، بانگکراون بۆ ئەوەی پیرۆز بن:

با نیعمەت و ئاشتی لە خودای باوکمان و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە لەگەڵتان بێت.

ئارەزووی دیدەنی ڕۆما

سەرەتا، لە پێناوی هەمووتان بەهۆی عیسای مەسیحەوە سوپاسی خودام دەکەم، چونکە باوەڕتان لە هەموو جیهاندا بڵاوبووەتەوە. خودا، ئەوەی بە ڕۆحم خزمەتی دەکەم لە جاڕدانی مزگێنیی کوڕەکەیدا، شایەتی منە کە چۆن بێ بڕانەوە یادتان دەکەم و بەردەوام لە نوێژەکانم دەپاڕێمەوە کە هیچ نەبێت ئێستا بە خواستی خودا بۆم ڕێک بکەوێت بێمە لاتان.

تامەزرۆی بینینی ئێوەم تاکو بۆ جێگیربوونتان بەهرەی ڕۆحیتان بدەمێ، هەموومان پێکەوە یەکتری هانبدەین، ئێوە بە باوەڕی من و منیش بە باوەڕی ئێوە. ئەی خوشک و برایان، نامەوێ لەلاتان شاراوە بێت، زۆر جار بەتەمابووم بێمە لاتان، تاکو لەنێو ئێوەشدا بەرهەمم هەبێت، هەروەک لەنێو نەتەوەکانی دیکە هەمە، بەڵام هەتا ئێستا ڕێم لێ گیرابوو.

من قەرزاری یۆنانی و بەربەریم3، دانا و نەزان. بۆیە بە پەرۆشم مزگێنی بدەمە ئێوەی دانیشتووانی ڕۆما.

مژدە توانای خودایە

شەرمم بە پەیامی ئینجیل4 نییە، لەبەر ئەوەی هێزی خودایە بۆ ڕزگاربوونی هەموو ئەوانەی باوەڕ دەهێنن، یەکەم جار بۆ جولەکە ئینجا بۆ ناجولەکە. لە پەیامی ئینجیلدا بێتاوانکردن5 لە خوداوە ئاشکرا دەکرێت، ئەم بێتاوانکردنەش لە دەستپێکەوە هەتا کۆتایی بە باوەڕە6، وەک نووسراوە: ﴿ئەوەی ڕاستودروستە بە باوەڕ دەژیێت.7‏﴾8

تووڕەیی خودا بۆ هەمووانە

لە ئاسمانەوە تووڕەیی خودا لە دژی هەموو خوانەناسی و خراپەکارییەکی خەڵک دەردەکەوێت، ئەوانەی بە خراپەکانیان ڕاستی دادەپۆشن، چونکە ئەوەی کە دەبێت لەبارەی خوداوە بزانرێت، لەلای ئەوان ئاشکرایە، لەبەر ئەوەی خودا بۆی دەرخستوون. لەبەر ئەوەی سیفەتە نەبینراوەکانی خودا، توانا هەتاهەتایی و خودایەتییەکەی9، لە بەدیهێنانی جیهانەوە بەهۆی دروستکراوان درکیان پێ کراوە و بە ڕوونی بینراون، بۆیە بێ بیانوون.

لەگەڵ ئەوەی کە خودایان ناسی، بەڵام وەک خودا ستایشیان نەکرد و سوپاسیان نەکرد، بەڵکو لە بیرکردنەوەیان پووچەڵ بوون و دڵە گێلەکانیان تاریک بوو. هەرچەندە خۆیان بە دانا دەزانی، بەڵام بوونە گێل، شکۆی خودای نەمریان گۆڕییەوە بە شێوەی پەیکەری مرۆڤی لەناوچوو و باڵندە و چوارپێ و خشۆک.

هەر لەبەر ئەوە خودا بە هەوەسی دڵیان ئەوانی دایە دەست گڵاوی، تاکو لەناو خۆیاندا سووکایەتی بە لەشی خۆیانەوە بکەن. ئەوان ڕاستی خودایان بە درۆ گۆڕییەوە و بەدیهێنراویان پەرست و لە جیاتی بەدیهێنەر خزمەتیان کرد، ئەوەی هەتاهەتایە ستایش بۆ ئەوە. ئامین.

لەبەر ئەوە خودا ئەوانی دایە دەست هەوەسە ئابڕووبەرەکانیان، چونکە ژنەکانیان جووتبوونی سروشتییان بە ناسروشتی گۆڕییەوە. پیاوانیش وازیان هێنا لە جووتبوونی سروشتی لەگەڵ ژنانیان و گڕیان گرت لە هەوەس بۆ یەکتری. پیاو لەگەڵ پیاو بەدڕەوشتی دەکرد، جا سزای تەواوی خراپبوونیان لە خۆیاندا وەرگرت.

سەرەڕای ئەوەش، نەیاندەویست لە ناسینی خودا بەردەوام بن، خوداش ئەوانی دایە دەست مێشکی گەندەڵیان، تاکو ئەوە بکەن کە ناشێت. پڕبوون لە هەموو ناڕەوایی و خراپە و چاوچنۆکی و بەدکارییەک. پڕن لە ئیرەیی و کوشتن و دژایەتی و فێڵبازی و زیانبەخشی. غەیبەتکارن، بوختانکەرن، ڕقیان لە خودایە، شەڕفرۆشن، لووتبەرزن، خۆهەڵکێشن، داهێنەری خراپەن، گوێڕایەڵی دایک و باوک نین، بێ مێشکن و دڵسۆز نین، بێ هەست و بێ بەزەیین. لەگەڵ ئەوەی دەزانن حوکمی دادپەروەرانەی خودا بۆ ئەنجامدەرانی ئەم جۆرە کارانە مردنە، بەڵام نەک تەنها خۆیان ئەو کارانە دەکەن، بەڵکو ئەو کەسانەش پەسەند دەکەن کە دەیکەن.

Source notes (9)
  1. Footnote یۆنانی: ئینجیل.‏
  2. Footnote نیعمەت بەخشینێکی خودایە بە مرۆڤ بەبێ شایستەبوونی پێی دەبەخشێت.
  3. Footnote بەربەری: ئەو کەسانەی کە بە زمانی یۆنانی قسە ناکەن، بە کەسانی ناڕۆشنبیر هەژماردکراون.‏
  4. Footnote ئینجیل: وشەیەکی یۆنانییە بە واتای ڕاگەیاندنی مژدەی هاتنی پاشایە.‏
  5. Footnote یۆنانی: ڕاستودروستی خودا، بە واتای چۆن خودا مرۆڤی گوناهبار بێتاوان دەکات و بە مرۆڤی ڕاستودروستی هەژمارد دەکات، بڕوانە ڕۆما 3‏:21‏-26 و ڕۆما 10‏:3 و فیلیپی 3‏:9‏ ‏.‏
  6. Footnote یۆنانی: لە باوەڕ بۆ باوەڕ.‏
  7. Footnote مەبەست لەوەیە ئەوەی کە لە گوناه بێتاوان کرا ژیانی هەتاهەتایی بە باوەڕ وەردەگرێت.‏
  8. Footnote حەبەقوق 2‏:4‏ .‏
  9. Footnote خودایەتییەکەی: واتا سروشتی خودایی و ئەو تایبەتمەندییانەی کە تەنها لە خودادا هەن.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.