Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

ئاشکراکردن 5

تۆمار و بەرخە سەربڕدراوەکە

لەلای ڕاستی دانیشتووی سەر تەختەکەوە تۆمارێکم بینی لەسەر هەردوو ڕووی نووسرا بوو، بە حەوت مۆریش مۆر کرابوو. هەروەها فریشتەیەکی بەهێزم بینی بە دەنگێکی بەرز هاواری دەکرد: «کێ شایستەی ئەوەیە تۆمارەکە بکاتەوە و مۆرەکانی بشکێنێت؟» کەس نەبوو، نە لە ئاسمان و نە لەسەر زەوی و نە لەژێر زەوی بتوانێت تۆمارەکە بکاتەوە یاخود تەماشای بکات. دەستم بە گریانێکی زۆر کرد، چونکە کەس شایستەی ئەوە نەبوو تۆمارەکە بکاتەوە یان تەماشای ناوەوەی بکات. یەکێک لە پیرەکان پێی گوتم: «مەگریێ، ئەوەتا ئەو شێرەی لە هۆزی یەهودایە و لە ڕەگی داودە1 سەرکەوتنی بەدەستهێنا، تۆمارەکە دەکاتەوە و حەوت مۆرەکەی دەشکێنێت.»

ئینجا لە ناوەڕاستی تەختەکە بەرخێکم بینی وەستا بوو وەک سەربڕدرابێت وابوو، چوار بوونەوەرەکە و پیرەکانیش بەدەوریدا بوون. بەرخەکە حەوت شاخ و حەوت چاوی هەبوو، کە حەوت ڕۆحەکەی خودان بۆ هەموو زەوی نێردراون. هات و تۆمارەکەی لە دەستی ڕاستی دانیشتووی سەر تەختەکە وەرگرت. کاتێک تۆمارەکەی وەرگرت، چوار بوونەوەرەکە و بیست و چوار پیرەکە کەوتنە بەردەم بەرخەکە، هەریەکەیان قیسارە و جامی زێڕینی پڕ بخووریان پێبوو، ئەوەش نوێژەکانی گەلی پیرۆزی خودایە، سروودێکی نوێشیان دەگوت:

«تۆ شایستەی ئەوەی تۆمارەکە ببەیت و

مۆرەکانی بکەیتەوە،

چونکە تۆ سەربڕایت و بە خوێنی خۆت خەڵکت بۆ خودا کڕییەوە،

لە هەموو هۆز و زمان و گەل و نەتەوەیەک.

ئەوانیشت کردە شانشین و کاهین بۆ خودامان و

فەرمانڕەوایەتی زەوی دەکەن.»

ئینجا تەماشام کرد و گوێم لە دەنگی فریشتەیەکی زۆر بوو لە دەوری تەختەکە و بوونەوەرەکان و پیرەکان، ژمارەیان هەزاران هەزار و دەیان هەزار دە هەزار دەبوو، بە دەنگێکی بەرز دەیانگوت:

«بەرخە سەربڕدراوەکە شایستەی وەرگرتنی

توانا و دەوڵەمەندی و دانایی و هێز و

ڕێز و شکۆ و ستایشە!»

هەموو بوونەوەرێکی ئاسمان و زەوی و ژێر زەوی و ناو دەریاش، هەموو ئەوانەی لەوێدا بوون، بیستم دەیانگوت:

«با ستایش و ڕێز و شکۆ و توانا،

بۆ دانیشتووی سەر تەختەکە و

بەرخەکە بێت، هەتاهەتایە!»

چوار بوونەوەرەکەش دەیانگوت: «ئامین»، پیرەکانیش کەوتن و کڕنۆشیان برد.

Source notes (1)
  1. Footnote بڕوانە ڕۆما 15‏:12‏ ‏.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.