Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
ئاشکراکردن 14
بەرخەکە و سروودی جەماوەر
پاشان بینیم بەرخەکە لەسەر کێوی سییۆن ڕاوەستابوو، سەد و چل و چوار هەزار کەسی لەگەڵ بوو، ناوی ئەو و ناوی باوکی لەسەر ناوچەوانیان1 نووسرابوو. لە ئاسمانەوە دەنگێکم بیست وەک خوڕەی ئاوێکی زۆر و دەنگی هەورەگرمەیەکی گەورە. ئەو دەنگەی کە گوێم لێبوو وەک دەنگی قیسارەش وابوو کە ژەنیاران دەیژەنن. لەبەردەم تەختەکە و لەبەردەم چوار بوونەوەرەکە و پیرەکان سروودێکی نوێیان دەگوت. کەس نەیدەتوانی سروودەکە فێرببێت جگە لەو سەد و چل و چوار هەزارەی لە زەوییەوە کڕابوونەوە. ئەوانە ئەو کەسانەن کە خۆیان لەگەڵ ئافرەت گڵاو نەکردووە، چونکە پاکیزەن و بەدوای بەرخەکە دەکەون بۆ هەرکوێ بڕوات. ئەوانە لەنێو خەڵک کڕدراونەتەوە وەک نۆبەرە بۆ خودا و بەرخەکە. درۆ لە دەمیاندا نادۆزرێتەوە، ئەوان بێ کەموکوڕین.
سێ فریشتەکە
ئینجا فریشتەیەکی دیکەم بینی لە ناوەڕاستی ئاسماندا دەفڕی، مزگێنیی هەتاهەتایی پێبوو، تاکو بۆ دانیشتووانی سەر زەوی ڕابگەیەنێت، بۆ هەموو نەتەوە و هۆز و زمان و گەلێک. بە دەنگێکی بەرز دەیگوت: «لە خودا بترسن و ستایشی بکەن، چونکە کاتی حوکمدان هاتووە. کڕنۆش بۆ دروستکەری ئاسمان و زەوی و دەریا و کانیاوەکان ببەن.»
فریشتەی دووەم، لەدوایەوە دەیگوت: «کەوت! بابلی گەورە کەوت، ئەوەی بەم جۆرەی کرد هەموو نەتەوەکان شەرابی تووڕەیی داوێنپیسییەکەی بخۆنەوە.»
فریشتەی سێیەم، لە دوایانەوە بە دەنگێکی بەرز دەیگوت: «هەرکەسێک کڕنۆش بۆ دڕندەکە و پەیکەرەکەی ببات و نیشانەی سەر نێوچەوانی یان دەستی وەربگرێت، هەروەها ئەویش شەرابی تووڕەیی خودا دەخواتەوە، کە بە سادەیی لە جامی تووڕەییەکەی ڕژاوە. لەبەردەم فریشتە پیرۆزەکان و بەرخەکەدا بە ئاگر و گۆگرد ئازار دەدرێت. دووکەڵی ئازاریان بۆ هەتاهەتایە بەرز دەبێتەوە. ئەوانەی کڕنۆش بۆ دڕندەکە و پەیکەرەکەی دەبەن، ئەوەی نیشانەی ناوەکەی وەربگرێت شەو و ڕۆژ پشوویان نابێت.»
ئەمە بانگەوازە بۆ دانبەخۆداگرتنی گەلی پیرۆزی خودا کە ڕاسپاردەکانی خودا بەجێدەگەیەنن و باوەڕی عیسا دەپارێزن.
گوێم لە دەنگێک بوو لە ئاسمانەوە دەیگوت: «بنووسە: خۆزگە دەخوازرێت بەو مردووانەی لە ئێستاوە بە یەکبوون لەگەڵ عیسای خاوەن شکۆ دەمرن!»
ڕۆحی پیرۆز دەفەرموێ: «بەڵێ، بۆ ئەوەی لە ماندووبوونیان بحەسێنەوە، چونکە کردەوەکانیان شوێنیان دەکەون.»
دروێنەی زەوی
پاشان تەماشام کرد، هەورێکی سپیم بینی و لەسەر هەورەکە کەسێکی وەک کوڕی مرۆڤ2 دانیشتووە، تاجێکی زێڕینی لەسەر و داسێکی تیژی بەدەستەوە بوو. فریشتەیەکی دیکە لە پەرستگا هاتە دەرەوە و بە دەنگێکی بەرز بانگی دانیشتووی سەر هەورەکەی کرد: «داسەکەت هەڵگرە و بدروەوە، چونکە کاتی دروێنە هاتووە و بەرهەمی زەوی پێگەیشتووە.» جا دانیشتووی سەر هەورەکە داسەکەی بۆ سەر زەوی وەشاند و زەوی دروێنە کرا.
فریشتەیەکی دیکە لە پەرستگاکەی ئاسمان دەرچوو و ئەویش داسێکی تیژی پێبوو. ئینجا فریشتەیەکی دیکە لە قوربانگاوە هاتە دەرەوە کە دەسەڵاتی بەسەر ئاگردا هەبوو. بە دەنگێکی بەرز بە ئەوەی گوت کە داسە تیژەکەی پێبوو: «داسە تیژەکەت هەڵگرە و هێشووەکانی ڕەزی زەوی کۆبکەرەوە، چونکە ترێیەکەی پێگەیشتووە.» فریشتەکە داسەکەی وەشاندە زەوی و ڕەزەکانی زەوی ڕنی و فڕێیدایە ناو گوشەرە گەورەکەی تووڕەیی خودا. گوشەرەکە3 لە دەرەوەی شار گوشرا، بە بەرزی لغاوی ئەسپێک، هەزار و شەش سەد ستادیا4 خوێن لە گوشەرەکە دەرچوو.
Source notes (4)
- Footnote بڕوانە حزقیێل 9:4 .
- Footnote بڕوانە دانیال 7:13 .
- Footnote بڕوانە ئیشایا 63:3 .
- Footnote دەکاتە نزیکەی سێ سەد کیلۆمەتر.
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.