Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

ئاشکراکردن 1

پێشەکی

ئاشکراکردنی عیسای مەسیح کە خودا پێیداوە، تاکو ئەو شتانەی دەبێت زوو ڕووبدەن بە بەندەکانی پیشان بدات. خودا لە ڕێگەی ناردنی فریشتەکەیەوە بۆ لای یۆحەنای بەندەی، ئەو شتانەی دەرخست، کە شایەتیی دا بۆ هەموو ئەو شتانەی کە بینی، واتا وشەی خودا و شایەتیی عیسای مەسیح. خۆزگە دەخوازرێت بەوەی وتەکانی ئەم پێشبینییە دەخوێنێتەوە، هەروەها خۆزگە بەو کەسانەش دەخوازرێت کە دەیبیستن و ئەوەی تێیدا نووسراوە پەیڕەوی دەکەن، چونکە کاتەکە نزیکە.

سڵاو بۆ کڵێساکان

لە یۆحەناوە،

بۆ حەوت کڵێساکەی هەرێمی ئاسیا:

با نیعمەت1 و ئاشتیتان بۆ ببێت لەوەوەی کە هەیە و هەبووە و دێت و لەو حەوت ڕۆحەوەی لەبەردەم تەختەکەیدان، هەروەها لە عیسای مەسیحیشەوە کە شایەتیدەری دڵسۆزە، نۆبەرەی هەستانەوەی نێو مردووانە و سەرۆکی پاشاکانی سەر زەوییە.

ئەو کە ئێمەی خۆشدەوێت و بە خوێنی خۆی لە گوناهەکانمان ئازادی کردین و ئێمەی کردە شانشین و کاهین بۆ خودای باوکی، هەتاهەتایە شکۆ و دەسەڵات بۆ ئەوە! ئامین.

ئەوەتا لەگەڵ هەوردا2 دێت و

هەموو چاوێک دەیبینێت،

ئەوانەش کە ڕمیان لێیداوە،

هەموو خێڵەکانی زەویش شیوەنی بۆ دەگێڕن.

بێگومان بەم جۆرە دەبێت، ئامین.

یەزدانی پەروەردگار دەفەرموێ: «من ئەلف و یێم، ئەوەی هەیە و هەبووە و دێت، هەرە بەتوانا.»

بینینی مەسیحی زیندوو

من یۆحەنای براتانم، کە بە یەکبوون لەگەڵ عیسادا هاوبەشتانم لە تەنگانە و شانشین و دانبەخۆداگرتن، لە پێناوی پەیامی خودا و شایەتی بۆ عیسا لە دوورگەی پەتمۆس بووم. لە ڕۆژی یەزداندا3 ڕۆحی پیرۆزم هاتە سەر و لە پشتمەوە گوێم لە دەنگێکی بەرزی وەک کەڕەنا بوو، دەیفەرموو: «ئەوەی دەیبینی لە پەڕتووکێک بینووسەوە و بۆ حەوت کڵێساکەی بنێرە، واتا ئەفەسۆس و سمیرنا و پرگامۆس و سیاتیرا و ساردس و فیلادەلفیا و لاودیکییا.4»

ئاوڕم دایەوە تاکو ئەو دەنگە ببینم کە لەگەڵم دەدوا. کاتێک ئاوڕم دایەوە حەوت چرادانی زێڕینم بینی، لە ناوەڕاستی چرادانەکاندا یەکێکم وەک کوڕی مرۆڤ5 بینی، جلێکی شۆڕی لەبەردا بوو هەتا بەرپێی، پشتێنێکی زێڕینی بە سنگییەوە بەستبوو. سەر و قژی سپی وەک خوری و وەک بەفر سپی بوون و چاوەکانی وەک گڕی ئاگر بوون. پێیەکانی وەک بڕۆنزێکی بریقەدار کە لە کوورە پوختە کرابێت وابوون، دەنگیشی وەک هاژەی تاڤگە وابوو. حەوت ئەستێرە لە دەستی ڕاستی بوون، شمشێرێکی دوودەمیش لە دەمیەوە دەردەچوو، ڕوخساری وەک تیشکی بەتینی ڕۆژ دەدرەوشایەوە.

کاتێک بینیم وەک مردوو لەبەرپێی کەوتم، دەستی ڕاستی خستە سەرم و فەرمووی: «مەترسە، من سەرەتا و کۆتاییم. منم زیندووەکە! مردبووم، بەڵام ئەوەتا ئێستا بۆ هەتاهەتایە زیندووم! هەروەها کلیلەکانی مردن و جیهانی مردووانم6 پێیە.

«بۆیە ئەمانە بنووسە لەوەی بینیت و ئەوەی هەیە و ئەوەی پاش ئەمەش دەبێت. نهێنی ئەو حەوت ئەستێرەیەی لە دەستی ڕاستم بینیت و حەوت چرادانە زێڕینەکە ئەمەیە: حەوت ئەستێرەکە فریشتەی حەوت کڵێساکانن و حەوت چرادانەکەش حەوت کڵێساکەن.»

Source notes (6)
  1. Footnote نیعمەت بەخشینێکی خودایە بە مرۆڤ بەبێ شایستەبوونی پێی دەبەخشێت.
  2. Footnote بڕوانە دانیال 7‏:13‏ ‏.‏
  3. Footnote ڕۆژی یەزدان ڕۆژی یەزدان واتا ڕۆژی یەکشەممە کە تێیدا مەسیح زیندوو بووەوە.
  4. Footnote ئەو حەوت شارە دەکەونە ڕۆژئاوای تورکیای ئێستا.‏
  5. Footnote دانیال 7‏:13.‏ ‏
  6. Footnote یۆنانی: هادیس‏: بڕوانە پەراوێزی مەتا 11‏:23‏ ‏‏.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.