Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

زەبوورەکان 9

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی «مردنی کوڕەکە». زەبوورێکی داود.

ئەی یەزدان، بە هەموو دڵەوە ستایشت دەکەم،

هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ڕادەگەیەنم.

بە تۆوە شاد و دڵخۆش دەبم،

ئەی هەرەبەرز، گۆرانی ستایش بۆ ناوی تۆ دەڵێم.

کاتێک دوژمنەکانم بەرەو پاش هەڵدێن،

لەبەردەمی تۆدا دەکەون و لەناودەچن،

چونکە دادپەروەرانە دادوەریت بۆ کردووم،

دادوەرێکی ڕاستودروستی لەسەر تەختی خۆت دانیشتووی.

تۆ نەتەوەکانت سەرزەنشت کردووە و بەدکارانت لەناوبردووە،

هەتاهەتایە ناویانت سڕیوەتەوە.

دوژمنانت تووشی لەناوچوونی بێ کۆتایی کردووە،

شارەکانیانت وێران کردووە،

تەنانەت بیرەوەریشیان نامێنێت.

بەڵام یەزدان هەتاهەتایە دادەنیشێت،

تەختی خۆی بۆ دادوەری دامەزراندووە.

بە ڕاستودروستی دادوەری جیهان دەکات،

بە دادپەروەری گەلان حوکم دەدات.

یەزدان پەناگای زۆرلێکراوانە،

قەڵایە لە کاتی تەنگانەدا.

ئەوانەی بە ناوی تۆ ئاشنان1 پشتت پێ دەبەستن،

چونکە ئەی یەزدان، قەت تۆ وازت لەوانە نەهێناوە کە حەز دەکەن لە تۆ نزیک ببنەوە.

گۆرانی ستایش بڵێن بۆ یەزدان کە لە سییۆن2 نیشتەجێیە،

لەنێو نەتەوەکان کردارەکانی ڕابگەیەنن،

چونکە ئەوەی تۆڵەی خوێن دەکاتەوە یادی دەکرێتەوە،

هاواری ستەملێکراوان لەبیرناکات.

ئەی یەزدان، ببینە چ ئازارێک بەدەست دوژمنەکانمەوە دەکێشم!

لەگەڵم میهرەبان بە و لە دەروازەکانی مردن ڕزگارم بکە3،

تاکو لەبەردەم دەروازەکانی سییۆنی کچ4 بە ستایشی تۆوە بدوێم،

هەروەها بە ڕزگاریی تۆوە دڵخۆش بم.

نەتەوەکان کەوتوونەتە ئەو چاڵەی کە خۆیان هەڵیانکەندبوو،

پێیان بەو تۆڕەوە بووە کە نابوویانەوە.

یەزدان بە دادپەروەری ناسراوە،

بەدکاران دەکەونە داوی کردەوەی دەستی خۆیان.5

بەدکاران بەرەو جیهانی مردووان دەڕۆن،

هەروەها هەموو ئەو نەتەوانەی کە خودا لەبیر دەکەن.

بەڵام نەداران هەتاسەر لەبیر ناکرێن،

ئومێدی ستەملێکراو هەتاهەتایە لەناو ناچێت.

ئەی یەزدان ڕاپەڕە، مەهێڵە مرۆڤ سەربکەوێت،

با نەتەوەکان لەبەردەم تۆ دادگایی بکرێن.

ئەی یەزدان، ترس بخەرە دڵیانەوە،

با نەتەوەکان بزانن کە تەنها مرۆڤن.

Source notes (5)
  1. Footnote بە واتای ناسینی خودا و کەسایەتییەکەی.‏
  2. Footnote ناوێکی ئەدەبییە بۆ شاری ئۆرشەلیم.‏
  3. Footnote عیبری: بەرزم بکەرەوە، بە واتای پارێزگار و فریاکەوتن.‏
  4. Footnote مەبەست لە شاری سییۆنە، ئۆرشەلیم.‏
  5. Footnote لە دەقی عیبری لێرە وشەی هیگایۆن‏ و سەلاه‏ هەیە و لە کۆتایی ئایەتی 20 وشەی سەلاه‏ هەیە، کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.