Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
زەبوورەکان 81
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی گتیت. بۆ ئاساف.
هەلهەلە لێدەن بۆ خودا ئەوەی هێزمانە،
بە خۆشییەوە هاوار بکەن بۆ خودای یاقوب.
ئاوازێک بەرز بکەنەوە و دەف بهێنن،
سازێکی ناسک لەگەڵ قیسارە.
لە جەژنی سەرەمانگ کەڕەنا لێدەن و
لە مانگی تابان، بۆ ڕۆژی جەژنەکانمان،
چونکە ئەمە فەرزە لەسەر ئیسرائیل،
حوکمی خودای یاقوبە.
لە بنەماڵەی یوسفدا کردی بە یاسا،
کە لە خاکی میسر دەریهێنا.
گوێمان لە دەنگێک بوو بە زمانێک کە لێی تێنەگەیشتین:
«بارم لەسەر شانەکانی لادا،
دەستەکانی لە سەبەتە بەربوون.
لە تەنگانەدا هاوارت کرد، دەربازم کردیت،
لەژێر سێبەری هەورەتریشقە وەڵامم دایتەوە،
لە مێرگی مەریبا1 تاقیم کردیتەوە.2
ئەی گەلی من، گوێ بگرە، ئاگادارت دەکەمەوە.
ئەی ئیسرائیل، خۆزگە گوێت لە من دەگرت!
لەنێو ئێوەدا خوداوەندێکی بێگانە نابێت،
کڕنۆش بۆ خوداوەندێکی بیانی نابەیت.
من یەزدانی پەروەردگاری تۆم،
کە لە خاکی میسر دەرمهێنای،
دەمت بکەوە و پڕی دەکەم.
«بەڵام گەلەکەم گوێی لە قسەم نەگرت،
ئیسرائیل منی نەویست.
منیش ئەوانم دایە دەست کەللەڕەقییەکەی خۆیان،
بە ڕاوێژی خۆیان هەڵسوکەوت بکەن.
«خۆزگە گەلەکەم بە قسەی منیان دەکرد،
ئەگەر ئیسرائیل ڕێگای منیان دەگرتەبەر،
هەر زوو دوژمنەکانم بۆ زەلیل دەکردن،
دەستم درێژ دەکردە سەر ناحەزانیان!
ئەوانەی ڕقیان لە یەزدانە، ملکەچی دەبن،
هەتاهەتایە کاتی سزایان دەبێت.
باشترین گەنمم دەرخوارد دەدایت،
لە تاشەبەردەوە تێر هەنگوینم دەکردیت.»
Source notes (2)
- Footnote کانییەکە نزیک ڕفیدیم لە بەردێکەوە هەڵقوڵا، کاتێک موسا بە فەرمانی خودا لە بەردەکەی دا.
- Footnote لە دەقی عیبری لێرە وشەی سەلاە هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.