Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
زەبوورەکان 76
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئامێری ژێدار. زەبوورێکی ئاساف. گۆرانییەک.
لە یەهودا خودا ناسراوە،
لە ئیسرائیلدا ناوی گەورەیە!
کەپری لە شالیمە1،
هەواری لە سییۆنە.
لەوێ تیرە گڕدارەکان و
قەڵغان و شمشێر و جەنگەکانی تێکشکاند.2
تۆ ڕەوشەنی،
لە چیای نێچیرەکان شکۆدارتری.
قارەمانەکان ماڵیان بە تاڵان چوو،
دوایین خەوی خۆیان نوستن،
هیچ جەنگاوەرێک نەیتوانی دەست بکاتەوە.
ئەی خودای یاقوب، بە سەرزەنشتی تۆ،
ئەسپ و سوار پێکەوە کەوتنە خەوێکی قووڵەوە!
تۆ خۆت بەسامیت!
لە کاتی تووڕەییت، کێ لەبەردەمت ڕادەوەستێت؟
لە ئاسمان حوکمت بیسترا،
زەوی ترسا و کپ بوو،
بە هەستانی خودا بۆ دادوەری،
بۆ ڕزگارکردنی هەموو ستەملێکراوانی زەوی.
بێگومان تووڕەیی مرۆڤ ستایشت دەکات،
خۆتت بە پاشماوەی تووڕەیی چەکدار کردووە.
نەزر بۆ یەزدانی پەروەردگارتان بکەن و بەجێی بهێنن.
ئەی هەموو ئەوانەی لە دەوریدان،
دیاری پێشکەش بە سامناک بکەن.
ئەوەی ڕۆحی میرەکان دەشکێنێت،
سامناکە بۆ پاشاکانی سەر زەوی.
Source notes (2)
- Footnote واتا (ئاشتی)، مەبەست لە شاری ئۆرشەلیمە (قودس).
- Footnote لە دەقی عیبری لێرە و لە ئایەتی 9، وشەی سەلاە هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.