Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

زەبوورەکان 72

بۆ سلێمان.

ئەی خودایە، دادپەروەری خۆت بدە بە پاشا،

ڕاستودروستیت بە کوڕی پاشا.

با بە ڕاستودروستی حوکمی گەلەکەت بکات،

بە دادپەروەریش هەژارەکانت.

با چیاکان ئاشتی بۆ گەل دابین بکەن،

گردەکان ڕاستودروستی.

با دادوەری کڵۆڵانی گەل بکات،

کوڕی نەداران ڕزگار بکات،

زۆرداران وردوخاش بکات.

با وەک خۆر بمێنێت،

وەک مانگ بە درێژایی نەوەکان.

وەک باران بەسەر گیادا ببارێت،

وەک هەور زەوی ئاو بدات،

ڕاستودروستان لە سەردەمی ئەو شکۆفە دەکەن،

ئاشتییەکی زۆر دەبێت هەتا فەوتانی مانگ.

لە دەریاوە هەتا دەریا حوکم دەکات،

لە ڕووباری فوراتەوە هەتا ئەوپەڕی زەوی.

بیاباننشینەکان کڕنۆشی بۆ دەبەن و

ناحەزانی تۆز دەلێسنەوە.

پاشاکانی تەرشیش1 و دوورگە دوورەکان سەرانە دەنێرن،

پاشاکانی شەبا و سەبا2 دیاری بۆ دێنن.

هەموو پاشاکان کڕنۆشی بۆ دەبەن و

هەموو نەتەوەکان خزمەتی دەکەن.

لەبەر ئەوەی نەدار کە هاواری بۆ دەبات، دەربازی دەکات،

چەوسێنراویش کە یارمەتیدەری نییە.

بەزەیی بە لاواز و نەداردا دێتەوە،

گیانی نەدارەکان ڕزگار دەکات،

گیانیان لە ستەم و توندوتیژی دەکڕێتەوە،

خوێنی ئەوان لەلای بەنرخە.

تەمەن درێژ بێت!

با لە زێڕی شەبای پێبدرێت،

با هەمیشە خەڵک نزای بۆ بکەن،

با بە درێژایی ڕۆژ داوای بەرەکەتی بۆ بکەن.

با دانەوێڵەیەکی زۆر لەسەر زەوی بێت،

لەسەر لووتکەی گردەکان،

بەرهەمی وەک لوبنان بشەکێتەوە،

با ئەوانەی لە شارەکانن وەک گیای کێڵگە چرۆ بکەن.

با هەتاهەتایە ناوی بمێنێت،

هەتا خۆر مابێت ناوی بەردەوام بێت.

هەموو نەتەوەکان لەوەوە بەرەکەتدار بن،

هەمووان خۆزگەی پێ بخوازن.

ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگار، خودای ئیسرائیل،

بە تەنها ئەوە کاری سەرسوڕهێنەر دەکات.

هەتاهەتایە ستایش بۆ ناوی شکۆداری،

با شکۆمەندییەکەی هەموو جیهان پڕ بکات.

ئامین و ئامین.

لێرەدا نوێژەکانی داودی کوڕی یەسا تەواو بوون.

Source notes (2)
  1. Footnote تەرشیش: دوایین سنووری ڕۆژئاوای جیهان بووە کە ئەو سەردەمە مرۆڤ پێی زانیبێت.‏
  2. Footnote ناوی هۆز و شوێنە، دەکەونە یەمەن و هەندێکیان کۆچیان کردووە بۆ ئەسیوپیا. خەڵکەکەی بە بازرگانی بەناوبانگ بوون.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.