Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
زەبوورەکان 62
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بۆ یەدوتون، زەبوورێکی داود.
گیانم تەنها بە خودا ئارام دەبێت،
ڕزگاریشم لەلای ئەوەوە دێت.
تەنها ئەو تاشەبەرد و ڕزگاریمە،
پەناگای منە، هەرگیز نالەقێم.
هەتا کەی هێرش دەکەنە سەر مرۆڤێک؟
ئایا هەمووتان وەک دیوارێکی لار تێکی دەدەن،
وەک شوورایەکی داڕووخاو؟
تەنها پیلان بۆ ئەوە دەگێڕن
کە ئەو لەو پلەوپایەیە بخەن،
خۆشییان لە درۆوە دێت.
بە دەم داوای بەرەکەت دەکەن،
بەڵام لە دڵەوە نەفرەت.1
ئەی گیانی من، تەنها بە خودا ئارام بە،
چونکە ئومێدی من لەلای ئەوەوە دێت.
تەنها ئەو تاشەبەرد و ڕزگاریمە،
پەناگای منە، نالەقێم.
ڕزگاری و شکۆمەندی من بە خوداوە بەندە،
تاشەبەردی بەهێزمە، پەناگای منە.
هۆ خەڵکینە، هەموو کاتێک پشت بەو ببەستن،
دڵی خۆتانی لەبەردەم هەڵبڕێژن،
چونکە خودا پەناگای ئێمەیە.
ئادەمیزاد تەنها هەناسەیەکە،
مرۆڤ تەنها درۆیەکە،
ئەگەر بخرێنە تای تەرازوو هیچ نین،
هەموو پێکەوە تەنها هەناسەیەکن.
پشت بە زۆرداری مەبەستن،
پۆز بە ماڵی دزراوەوە لێمەدەن.
ئەگەر سامانتان زیادی کرد،
دڵی خۆتانی پێوە مەبەستن.
جارێک خودا فەرموویەتی،
دوو جار بیستوومە2:
کە هێز هەر هی خودایە،
هەروەها کە خۆشەویستی نەگۆڕ هەر هی تۆیە، ئەی پەروەردگار.
بێگومان تۆش، هەرکەسێک
بەپێی کردەوەی خۆی پاداشت دەدەیتەوە.
Source notes (2)
- Footnote لە دەقی عیبری لێرە و لە ئایەتی 8، وشەی سەلاە هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.
- Footnote شێوازێکی دەربڕینی ئەدەبیانەی عیبرییە، بە مەبەستی ئەوەی یەکەمیان گرنگە و دووەمیان لەو گرنگترە.
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.