Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
زەبوورەکان 6
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە قیسارە بە شێوەی شیمینیت. زەبوورێکی داود.
ئەی یەزدان، لە کاتی تووڕەیی خۆت سەرزەنشتم مەکە،
لە کاتی تووڕەییت تەمبێم مەکە.
ئەی یەزدان، لەگەڵم میهرەبان بە، چونکە داهێزراوم،
ئەی یەزدان، چاکم بکەرەوە، چونکە ئێسقانەکانم ژان دەکات.
گیانم زۆر دەلەرزێت،
هەتا کەی، ئەی یەزدان، هەتا کەی؟
ئەی یەزدان، بگەڕێوە و ژیانم ڕزگار بکە،
بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەربازم بکە،
چونکە مردوو ناتوانێت یادی تۆ بکات.
لە جیهانی مردووان1 کێ ستایشت دەکات؟
ئەوەندەم ناڵاند شەکەت بووم!
هەموو شەوێک نوێنەکەم نوقومی فرمێسک دەکەم،
جێگاکەم تەڕ دەکەم.
چاوەکانم لە خەفەتان کز بوون،
بەهۆی دوژمنەکانمەوە بێهێز بوون.
ئەی هەموو بەدکاران، لێم دوور بکەونەوە،
چونکە یەزدان گوێی لە دەنگی گریانم بووە.
یەزدان گوێی لە پاڕانەوەم بووە،
یەزدان نوێژم وەردەگرێت.
هەموو دوژمنەکانم بە توندی شەرمەزار و ڕیسوا دەبن،
لەناکاو سەرشۆڕی دایاندەگرێت و شەرمەزار دەبن.
Source notes (1)
- Footnote عیبری: شیۆل، ئەو شوێنەیە کە لەدوای مردن ڕۆحی مرۆڤ دەچێتە ئەوێ هەتا ڕۆژی لێپرسینەوە.
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.