Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
زەبوورەکان 52
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، هۆنراوەیەکی داودە. کاتێک دۆئێگی ئەدۆمی چوو بۆ لای شاول و پێی گوت کە داود چووە بۆ ماڵی ئەحیمەلەخ.
ئەی پاڵەوان، بۆچی شانازی بە خراپەوە دەکەیت؟
ئەی شەرمەزار لەبەرچاوی خودا،
بۆچی بە درێژایی ڕۆژ شانازی دەکەیت؟
زمانت پیلانی کاولکاری دادەڕێژێت،
وەک گوێزانێکی تیژ وایە،
خەریکی فێڵبازییە.
زیاتر حەزت لە خراپەیە نەک لە چاکە،
لە درۆ نەک لە ڕاستگۆیی.1
حەزت لە هەموو وشەیەکی زیانبەخشە،
ئەی زمانی فێڵباز!
بێگومان خودا هەتاهەتایە وێرانت دەکات،
دەتڕفێنێت و لە ماڵەکەت دەرتدەهێنێت،
ڕیشەکێشت دەکات لە خاکی زیندووان.
ڕاستودروستان ئەمە دەبینن و دەترسن،
پێی پێدەکەنن و دەڵێن:
«ئا ئەوەتا ئەو کەسەی کە خودا ناکاتە پەناگای خۆی،
بەڵکو پشتی بە زۆریی سامانەکەی بەستبوو،
بە تێکشکاندنی کەسانی دیکە بەهێز بوو!»
بەڵام من لە ماڵی خودا وەک دار زەیتوونێکی سەوزم،
هەتاهەتایە پشت بە خۆشەویستی نەگۆڕی خودا دەبەستم.
هەتاهەتایە لەبەردەم خۆشەویستانت ستایشت دەکەم بۆ کردەوەکانت،
ئومێدم بە ناوی تۆیە، چونکە چاکە.
Source notes (1)
- Footnote لە دەقی عیبری لێرە و لە ئایەتی 5، وشەی سەلاە هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.