Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

زەبوورەکان 45

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئاوازی گوڵی سەوسەن. هۆنراوەیەکی کوڕانی قۆرەح. گۆرانی زەماوەند.

دڵم بە قسەی باش دەجۆشێت،

کاتێک هۆنراوەکانم بۆ پاشا دەخوێنمەوە،

زمانم پێنووسی نووسەرێکی کارامەیە.

تۆ جوانترینی لەناو ئادەمیزاد و

نیعمەت بەسەر لێوتدا باریوە،

چونکە خودا بۆ هەتاهەتایە بەرەکەتداری کردوویت.

ئەی توانادار، شمشێرەکەت بەلای ڕانتەوە بکە،

شکۆمەندی و پایەبەرزی لەبەر بکە.

بە شکۆمەندی خۆت سەرکەوتووانە سواربە،

لە پێناوی ڕاستی و نەرمونیانی و دادپەروەری،

با دەستی ڕاستت شتی سامناک بخاتە پێش چاو.

با تیرە تیژەکانت دڵی دوژمنانی پاشا کون بکەن،

با گەلان لەبەر پێت بکەون.

ئەی خودایە، تەختی تۆ بۆ هەتاهەتاییە،

داردەستی شانشینیت داردەستی دادپەروەرییە.

تۆ حەزت لە ڕاستودروستییە و ڕقت لە خراپەیە،

بۆیە خودا، خودای خۆت، لە سەرووی هاوەڵەکانتەوە داینای،

بە ڕۆنی شادی دەستنیشانی کردیت1.

جلوبەرگت هەمووی بە بۆنی موڕ و ئەلوا2 و کاسیا3 بۆندار بووە،

لە کۆشکی بە عاج4 ڕازاوەوە دەنگی مۆسیقا دڵخۆشت دەکات.

لەناو ژنە خانەدانەکانت شازادە هەن،

شاژنیش بە بەرگی زێڕی ئۆفیرەوە5 لەلای دەستی ڕاستتە.

ئەی کچ، گوێ بگرە، لەبەرچاوتی بگرە و گوێ شل بکە،

گەلەکەت و بنەماڵەکەت لەبیر بکە.

پاشا تامەزرۆی جوانی تۆیە،

کڕنۆشی بۆ ببە، چونکە گەورەی تۆیە.

دانیشتووانی شاری سور6 بە دیارییەوە دێن،

خاوەن سامانەکان ڕەزامەندی تۆیان دەوێت.

کچی پاشا لە ماڵی خۆی بە تەواوی شکۆدارە،

جلوبەرگەکەی بە زێڕ چنراوە.

بە کراسێکی نەخشێنراوەوە بۆ لای پاشا دەیبەن،

یاوەرە پاکیزەکانی بەدوایەوە بۆ لای تۆ7 دێنن.

بە شادی و خۆشییەوە دەیانهێنن،

دێنە ناو کۆشکی پاشا.

کوڕەکانت جێی باوکانیان دەگرنەوە،

دەیانکەیتە میری سەرانسەری زەوی.

یادی ناوت دەکەمەوە نەوە دوای نەوە،

بۆیە نەتەوەکان هەتاهەتایە ستایشت دەکەن.

Source notes (7)
  1. Footnote دەستنیشانکردنی کەسێک بۆ ئەرکێکی ئایینی یان پاشایەتی ئەو کاتە بە چەورکردنی بووە بە ڕۆن.‏
  2. Footnote ڕووەکێکی دڕکاوییە وەک سەباڕ، شلەیەکی تێدایە بۆ پێست باشە.‏
  3. Footnote دارێکە بۆ بۆنخۆشی بەکاردێت.‏
  4. Footnote عاج، دوو قۆچە گەورەکەی فیل، دەتاشرێن بۆ دروستکردنی پەیکەر و شتی دیکە بۆ ڕازاندنەوەی ناو ماڵ.‏
  5. Footnote ڕەنگە وڵاتی یەمەن بێت، بە چاکی جۆری زێڕەکەی بەناوبانگ بووە.‏
  6. Footnote مەبەست لە دانیشتووانی شاری سورە، کە شارێکی فینیقی زۆر بەناوبانگ و زۆر کۆنە.‏
  7. Footnote تۆی پاشا.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.