Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

زەبوورەکان 39

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بۆ یەدوتون زەبوورێکی داود.

گوتم: «چاودێری ڕێگای خۆم دەکەم و

زمانی خۆم لە گوناه دەپارێزم.

ئەوەندەی بەدکار لەبەردەممە،

دەمم بە لغاو دەبەستم.»

بەڵام کاتێک کپ و بێدەنگ بووم،

تەنانەت شتی چاکیشم نەدەگوت،

ئازارم زیاد بوو.

دڵم لە ناخمەوە قوڵپی دەدا،

هەروەها کە نوقومی بیرکردنەوە دەبووم، گڕم دەگرت،

ئەوسا بە زمانم هاتمە قسەکردن:

«ئەی یەزدان، کۆتایی ژیانی خۆم پیشان بدە،

هەروەها ڕۆژەکانی ژیانم چەندە،

بۆ ئەوەی بزانم من چ فەوتاوێکم.

بەڕاستی ڕۆژگاری منت کردووە بە بستێک،

تەمەنم لەبەرچاوت وەک هیچە.

ژیانی هەر مرۆڤێک تەنها هەناسەیەکە.1

«بەڕاستی مرۆڤ وەک سێبەر دێت و دەچێت،

ڕەنج دەدات، بەڵام بێگومان بێهوودەیە،

سامان کۆدەکاتەوە، نازانێت دوای خۆی بۆ کێ دەبێت.

«ئێستاش ئەی پەروەردگار، من چاوەڕێی چی بکەم؟

هیوای من بە تۆیە.

لە هەموو سەرپێچییەکانم ڕزگارم بکە،

مەمکە بە گاڵتەجاڕی گێلەکان.

بێدەنگ بووم، دەمم ناکەمەوە،

چونکە تۆ ئەوەی کە ئەمەت کردووە.

بەڵای خۆت لەسەر من لابدە،

بە زەبرەکانی دەستی تۆ فەوتام.

مرۆڤ بە سەرزەنشتکردنی لەبەر گوناهەکانی تەمبێ دەکەیت،

وەک مۆرانە سامانی ئەو لەناودەبەیت،

هەر مرۆڤێک تەنها هەناسەیەکە.

«ئەی یەزدان، گوێ لە نوێژم بگرە،

گوێ لە هاوارم بگرە،

لە ئاست گریانم گوێت دامەخە،

چونکە لەلای تۆ وەک نامۆیەکم،

میوانم وەک هەموو باوباپیرانم.

ڕووی گرژت لە من وەرگێڕە، هەتا شادمان ببمەوە،

پێش ئەوەی بڕۆم و نەمێنم.»

Source notes (1)
  1. Footnote لە دەقی عیبری لێرە و لە ئایەتی 11، وشەی سەلاە‏ هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.