Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

زەبوورەکان 29

زەبوورێکی داود «لە جەژنی کەپرەشینە».

ستایشی شکۆ و هێزی یەزدان بکەن،

ستایشی یەزدان بکەن، ئەی فریشتەکانی ئاسمان.

ستایشی ناوی شکۆداری یەزدان بکەن،

کڕنۆش بۆ یەزدان ببەن، چونکە شکۆدار و پیرۆزە.

دەنگی یەزدان لەسەر ئاوەکان دەنگ دەداتەوە،

خودای شکۆمەندی تریشقە دەدات،

یەزدان لەسەر ئاوە زۆرەکان تریشقە دەدات.

دەنگی یەزدان بە هێزە،

دەنگی یەزدان بە شکۆیە.

دەنگی یەزدان داری ئورز دەشکێنێت،

یەزدان ئورزەکانی لوبنان دەشکێنێت،

وا دەکات لوبنان1 وەک گوێرەکە ڕابکات و

حەرمۆنیش2 وەک جوانەگای کێوی.

دەنگی یەزدان چەخماخە دەدات

بە بروسکە و تریسکەوە.

دەنگی یەزدان بیابان دەلەرزێنێت

یەزدان بیابانی قادێش3 دەلەرزێنێت.

دەنگی یەزدان دار بەڕوو لوول دەدات و

دارستانەکان ڕووت دەکاتەوە.

لەناو پەرستگاکەیدا هەموو هاوار دەکەن: «شکۆمەندی!»

یەزدان بە تەختی پاشاییەوە، لەسەر تۆفان دادەنیشێت،

یەزدان هەتاهەتایە وەک پاشا لەسەر تەخت دادەنیشێت.

یەزدان هێز بە گەلەکەی دەبەخشێت،

یەزدان بەرەکەتی ئاشتی دەداتە گەلەکەی.

Source notes (3)
  1. Footnote مەبەستی لە چیای لوبنانە.‏
  2. Footnote هەروەها سریۆنیشی پێ دەگوترێ، بەرزترین شاخە لە سوریا.‏
  3. Footnote دەکەوێتە دووری 80 کم لە باکووری بیری شابەع، گەلی ئیسرائیل لەدوای هاتنەدەرەوەیان لە میسر ماوەیەک لەوێ ماونەتەوە.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.