Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

زەبوورەکان 21

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، // زەبوورێکی داود.

ئەی یەزدان، پاشا بە هێزی تۆ شادمان دەبێت.

چەند دڵخۆشە بەو ڕزگارییەی پێت بەخشیوە!

ئارەزووی دڵیت پێ بەخشیوە و

لە داواکارییەکانی زمانیت ڕانەگرتووه.1

بە بەرەکەتێکی زۆرەوە پێشوازیت لێکرد و

تاجێکی زێڕی بێگەردت لە سەری کرد.

داوای ژیانی لێکردیت، پێت بەخشی،

ڕۆژگاری درێژی هەتاهەتاییە.

بەو ڕزگارییەی کە پێت داوە، شکۆمەندییەکەی مەزنە،

تۆ شکۆمەندی و پایەبەرزیت پێ بەخشیوە.

بێگومان بەرەکەتێکی بێ کۆتاییت داوەتێ،

بە خۆشی دیداری خۆت شادی دەکەیت.

لەبەر ئەوەی پاشا پشت بە یەزدان دەبەستێت،

بە خۆشەویستی نەگۆڕی خودای هەرەبەرزە هەرگیز نالەقێت.

دەستت بەسەر هەموو دوژمنەکانتدا دەڕوات،

دەستی ڕاستت بەسەر ناحەزانت.

کە دەردەکەویت وەک تەنوورێکی بڵێسەداریان لێ دەکەیت،

لە تووڕەییدا یەزدان هەڵیاندەلووشێت،

ئاگریش دەیانخوات.

ڕەچەڵەکیان لەسەر زەوی لەناودەبەیت،

نەوەیان لەناو ئادەمیزاد.

هەرچەندە پیلانیان لە دژت دانا و

بیریان لە خراپە کردەوە، سەرناکەون،

چونکە تۆ وایان لێ دەکەیت ڕابکەن،

کاتێک بە تیروکەوان نیشانیان لێ دەگریت.

ئەی یەزدان، بە هێزی خۆت پایەبەرز بە،

گۆرانی و ستایش بۆ توانای تۆ دەڵێین.

Source notes (1)
  1. Footnote لە دەقی عیبری لێرە وشەی سەلاە‏ هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.