Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

زەبوورەکان 2

بۆچی نەتەوەکان دەوروژێن و

گەلان پیلان لە شتی پووچ دەگێڕن؟

پاشایانی زەوی خۆیان ڕێک دەخەن،

سەرۆکەکانیان پێکەوە کۆدەبنەوە

لە دژی یەزدان و مەسیحەکەی1 و دەڵێن:

«با کۆتەکانیان بشکێنین و

زنجیرەکانیان لە خۆمان بکەینەوە.»

ئەوەی لە ئاسمان دانیشتووە پێدەکەنێت،

پەروەردگار گاڵتەیان پێ دەکات.

ئینجا بە تووڕەیی خۆی قسەیان بۆ دەکات،

بە هەڵچوونی خۆی دەیانتۆقێنێت:

«من پاشای خۆمم لەسەر سییۆن2 داناوە،

لەسەر کێوی پیرۆزی خۆم.»

من فەرمانی یەزدانتان پێ ڕادەگەیەنم:

پێی فەرمووم: «تۆ کوڕی منی،

من ئەمڕۆ بوومە باوکت.

داوام لێ بکە، نەتەوەکان دەکەم بە میراتت،

ئەوپەڕی زەوی دەکەم بە موڵکی تۆ.

بە گۆچانێکی ئاسنین دەیانشکێنیت و

وەک گۆزەیەکی گڵین وردوخاشیان دەکەیت.»

بۆیە، ئەی پاشایان، وریابن،

سەرۆکەکانی زەوی، ئاگاداربن.

بە ترسەوە یەزدان بپەرستن،

بە لەرزەوە دڵخۆش بن.

کوڕەکە ماچ3 بکەن، نەوەک تووڕە ببێت و

لە ڕێگای خۆتان بفەوتێن،

چونکە تووڕەیی ئەو زوو دێتە جۆش.

خۆزگە دەخوازرێ بە هەموو ئەوانەی پەنا دەبەنە بەر ئەو.

Source notes (3)
  1. Footnote بە زمانی عیبری پێی دەگوترێ مەشیخ‏ یان مەشیح‏، واتا هەڵبژێردراو بە دەستی پێغەمبەر و بە چەورکردن بە ڕۆن بۆ پاشایەتی، بڕوانە دەرچوون 30‏:22‏-31‏ و یەکەم ساموئێل 9‏:16؛ 10‏:1.‏ ‏
  2. Footnote سییۆن یان زایۆن، چیاکە لە ئۆرشەلیم، وەک نازناو بۆ ئۆرشەلیم بەکاردێت.‏
  3. Footnote ماچکردنی پێی کوڕی پاشا وەک ملکەچبوونی.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.