Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

زەبوورەکان 19

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود.

ئاسمان باسی شکۆی خودا دەکات،

گەردوون کارەکانی دەستی ڕادەگەیەنێت.

ڕۆژ لەدوای ڕۆژ وتەی بەرز دەبارێنن،

شەو لەدوای شەو زانین ڕادەگەیەنن.

هیچ قسە و زمانێکیان نییە،

دەنگیان نابیسترێت،

بەڵام پەیامیان دەگاتە هەموو زەوی،

وتەکانیان بەوپەڕی جیهان.

لە ئاسمان چادری بۆ خۆر هەڵداوە،

کە وەک زاوایەکە لە ژوورەکەی بێتە دەرەوە،

وەک پاڵەوانێکە کە شادە بە ڕاکردن لە گۆڕەپان.

لەو سەری ئاسمانەوە هەڵدێت و

دەسووڕێتەوە هەتا ئەو سەری،

هیچ شتێک لەبەر گەرماییەکەی ناشاردرێتەوە.

فێرکردنی یەزدان تەواوە،

دەروون دەبووژێنێتەوە.

شەریعەتی1 یەزدان جێی متمانەیە،

ساویلکە دەکەنە دانا.

ڕێنمایی یەزدان دروستە،

دڵ خۆش دەکات.

ڕاسپاردەی یەزدان پاکە،

چاو ڕۆشن دەکات.

لەخواترسی بێگەردە،

هەتاهەتایە سەقامگیرە.

حوکمی یەزدان ڕاستە،

بە تەواوی ڕاستودروستە.

ئەوانە لە زێڕ دڵگیرترن،

لە زێڕی بێگەردی زۆر،

لە هەنگوین شیرینترن،

لە دڵۆپی شانەی هەنگوین.

خزمەتکارەکەت بەوانە ئاگادار کراوەتەوە،

پەیڕەوکردنیان پاداشتی زۆرە.

کێ لە هەڵەکانی خۆی تێدەگات؟

گوناهە شاراوەکانم ببەخشە.

خزمەتکارەکەت لە گوناهی یاخیبوون بپارێزە،

وا مەکە بەسەرمدا زاڵبێت.

ئیتر بێ کەموکوڕی دەبم،

لە گوناهی گەورە بێبەری دەبم.

با قسەی دەم و لێکدانەوەی دڵم

جێی ڕەزامەندی تۆ بێت،

ئەی یەزدان، تاشەبەردی من و ڕزگارکەرم2.

Source notes (2)
  1. Footnote مەبەستی لە پەیمان و ڕاسپاردەکانی خودایە بۆ گەلەکەی کە لەسەر تەختەی پەیمان نووسراون. هەروەها بڕوانە دەرچوون 16‏:31‏-34.‏ ‏
  2. Footnote لە زمانی عیبری بە واتای خوێنگر دێت، بۆ تێگەیشتن لەم دەربڕینە بڕوانە ڕائووس 4‏ ‏.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.