Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
زەبوورەکان 16
پاڕانەوەیەکی داود.
ئەی خودایە، بمپارێزە،
چونکە من پەنا دەهێنمە بەر تۆ.
بە یەزدانم گوت: «تۆ گەورەی منی،
بێجگە لە تۆ هیچ شتێکی چاکم نییە.»
هەموو خۆشییەکم بە گەلە پیرۆزەکەیە کە لەناو خاکەکەن،
ئەوانە شکۆدارن.
ئەوانەی بەدوای خوداوەندەکانی دیکە دەکەون،
دەردیان زۆر دەبێت.
خوێنی قوربانییان بۆ ناڕێژم و
ناویشیان لەسەر لێوم نابێت.
ئەی یەزدان، تۆ بەشە میرات و چارەنووسی منی،
تۆ پشکی من دەستەبەر دەکەیت.
گوریس1 کەوتە سەر چاکترین خاک بۆ بەشی من،
بە ڕاستی میراتێکی دڵخۆشکەرم هەیە.
ستایشی یەزدان دەکەم کە ئامۆژگاریم دەکات،
تەنانەت بە شەویش دڵم ڕێنماییم دەکات.
هەمیشە چاوم لەسەر یەزدانە،
لەبەر ئەوەی لەلای دەستی ڕاستمەوەیە، ناهەژێم.
بۆیە دڵشادم و گیانم خۆشحاڵە،
تەنانەت جەستەم بە ئاسوودەیی نیشتەجێیە،
چونکە تۆ گیانم لە جیهانی مردوواندا بەجێناهێڵیت،
هەروەها ڕێگا نادەیت دڵسۆزەکەی تۆ2 لەناو گۆڕ بۆگەن بێت.
ڕێگای ژیانت پێ ناساندم،
تێربوون لە شادی لە ئامادەبوونتدایە،
خۆشحاڵی هەتاهەتایی لەلای دەستەڕاستی تۆدایە.
Source notes (2)
- Footnote دیاریکردنی سنووری زەوی بە گوریس بووە.
- Footnote مەبەستی ئەوەی بۆ خودا تەرخان کراوە، وەک مەسیح.
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.