Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
زەبوورەکان 137
لەدەم ڕووبارەکانی بابل، لەوێ دانیشتین،
هەروەها گریاین کە سییۆنمان بیر کەوتەوە.
بە شۆڕەبییەکانی ناوەڕاستی
قیسارەکانی خۆمان هەڵواسی،
چونکە لەوێ ڕاپێچکەرانمان داوای گۆرانییان لێکردین،
چەوسێنەرانمان داوایان کرد دڵخۆشیان بکەین:
«گۆرانییەکمان بۆ بڵێن لە گۆرانییەکانی سییۆن.»
چۆن گۆرانی یەزدان بڵێین
لە خاکێکی بێگانە؟
ئەی ئۆرشەلیم، ئەگەر لەبیرت بکەم،
با دەستی ڕاستم بەهرەکەی لەبیر بکات.
با زمانم بە مەڵاشوومەوە بنووسێت، ئەگەر یادت نەکەم،
ئەگەر ئۆرشەلیم لە سەرووی هەموو خۆشییەکم دانەنێم.
ئەی یەزدان، ئەو ڕۆژەی ئۆرشەلیم کەوت1 نەوەی ئەدۆمت لەبیر بێت،
کاتێک گوتیان: «تەختی بکەن، هەتا بناغە تەختی بکەن!»
ئەی دانیشتووانی بابل کە چارەنووستان لەناوچوونە،
دەستی خۆش بێت ئەو کەسەی تۆڵەتان لێ دەستێنێتەوە،
وەک ئەو خراپەی هی ئێمەتان دایەوە!
دەستی خۆش بێت ئەو کەسەی منداڵەکانتان دەگرێت و
بە تاشەبەردیاندا دەدات!
Source notes (1)
- Footnote بابلییەکان لە ساڵی 587 پ. ز. بە یارمەتی ئەدۆمییەکان ئۆرشەلیمیان داگیر کرد.
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.