Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
زەبوورەکان 132
گۆرانی گەشتیاران.
ئەی یەزدان، داود و هەموو ئازارەکانی
بەبیر خۆت بهێنەوە.
ئەو سوێندەی بۆ یەزدانی خوارد،
نەزرەکەی بۆ خودای تواناداری یاقوب:
«شەرت بێت نەچمەوە ناو خێوەتی ماڵەکەم،
نەچمە ناو نوێنەکەم،
خەو نەدەم بە چاوەکانم،
پشوو نەدەم بە پێڵووەکانم،
هەتا شوێنێک بۆ یەزدان پەیدا نەکەم،
نشینگەیەک بۆ خودای تواناداری یاقوب.»
ئەوەتا لە ئەفراتە1 هەواڵی ئەومان بیست،
لەناو کێڵگەکانی یاعەر2 دۆزیمانەوە:
«با بچینە نشینگەکەی،
با لە تەختەپێی کڕنۆش ببەین.
ئەی یەزدان، هەستە و وەرە بۆ شوێنی حەوانەوەت،
خۆت و سندوقی هێزت3.
با کاهینەکانت ڕاستودروستی لەبەر بکەن،
خۆشەویستانت هەلهەلە لێبدەن.»
لە پێناوی داودی بەندەی خۆت،
دەستنیشانکراوەکەت4 ڕەت مەکەرەوە.
یەزدان سوێندی بۆ داود خوارد و
هەرگیز لێی پاشگەز نابێتەوە:
«لە بەری پشتی خۆت لەسەر تەختەکەت دادەنێم.
ئەگەر کوڕەکانت پەیمانەکەم نەشکێنن،
هەروەها ئەو فەرزانەی کە فێریان دەکەم،
ئەوسا خۆیان و نەوەکانیان هەتاهەتایە
لەسەر تەختەکەت دادەنیشن.»
لەبەر ئەوەی یەزدان سییۆنی هەڵبژارد و
حەزی کرد بیکات بە نشینگەی خۆی.
«هەتاهەتایە ئەمە ئارامگامە،
لێرە نیشتەجێ دەبم، چونکە پێم خۆشە!
بەرەکەت بەسەر ئازووقەکەیدا دەبارێنم،
هەژارەکانی تێر نان دەکەم.
ڕزگاری دەکەمە بەر کاهینەکانی،
خۆشەویستانی بە شادمانییەوە هەلهەلە لێ دەدەن.
«لەوێ هێز بە داود دەبەخشم،
چرایەک بۆ دەستنیشانکراوەکەم5 ئامادە دەکەم.
شەرمەزاری دەکەمە بەر دوژمنەکانی،
بەڵام تاجەکەی سەر ئەو شکۆفە دەکات.»
Source notes (5)
- Footnote ئەفراتە ناوی پێشتری شاری بێتلەحم بووە.
- Footnote یاعەر، مەبەست قیریەت یەعاریمە دەکەوێتە نزیکەی دووری 14 کیلۆمەتر لە بێتشەمەش، بڕوانە یەکەم ساموئێل 6:17-21.
- Footnote مەبەست سندوقی پەیمانە، بڕوانە دەرچوون 25:10-22 و یەکەم ساموئێل 4:11–6:21.
- Footnote بە زمانی عیبری پێی دەگوترێ مەشیخ یان مەشیح.
- Footnote بە زمانی عیبری پێی دەگوترێ مەشیخ یان مەشیح.
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.