Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
زەبوورەکان 110
زەبوورێکی داود.
یەزدان بە خاوەن شکۆی منی فەرموو:
«لە دەستەڕاستم دابنیشە،
هەتا دوژمنانت دەکەمە تەختەپێ1 بۆ پێیەکانت.»
یەزدان لە سییۆنەوە هێز و دەسەڵاتەکەت فراوان دەکات،
لەناو دوژمنەکانت فەرمانڕەوایەتی دەکەیت.
گەلەکەت لە ڕۆژی هێزت خۆیان پێشکەش دەکەن،
بە ئاراییشتێکی پیرۆزەوە لە منداڵدانی بەرەبەیانەوە،
تۆ شەونم لە گەنجییەتیت وەردەگریت.
یەزدان سوێندی خواردووە و بڕیاری ناگۆڕێت:
«هەتاهەتایە تۆ کاهینیت لە پلەی مەلکیسادق2.»
خاوەن شکۆ لە دەستەڕاستی تۆیە،
لە ڕۆژی تووڕەییەکەی پاشایان وردوخاش دەکات.
لەنێو نەتەوەکان حوکم دەدات، خاکیان پڕ دەکات لە تەرم،
سەرۆکەکان لەسەر هەموو زەوی وردوخاش دەکات.
پاشا لە جۆگەی دەم ڕێگا دەخواتەوە،
لەبەر هەموو ئەمانە سەری بەرز ڕادەگرێت.
Source notes (2)
- Footnote پاشا بەهۆی ئەوەی کورسییەکەی بەرزتر بووە، تەختەیەک لەژێر پێی بووە، پاشا وێنەی دوژمنەکانی لەسەر کێشاوە، وەک هێمایەک بۆ خستنە ژێر پێیان.
- Footnote باڵاترین کاهینە لەلای خودای گەورە. بڕوانە پەیدابوون 14:18 .
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.