Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
زەبوورەکان 108
گۆرانییەک. زەبوورێکی داود.
ئەی خودایە، دڵم چەسپاوە،
بە هەموو گیانم سروود دەڵێم و مۆسیقا دەژەنم.
ئەی ساز و قیسارە، هەستن!
من بەرەبەیانان هەڵدەستم.
ئەی یەزدان، لەنێو گەلان ستایشت دەکەم،
لەنێو نەتەوەکان گۆرانیت بۆ دەڵێم،
چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت مەزنە، لە ئاسمان بەرزترە،
دڵسۆزیشت دەگاتە هەورەکان.
ئەی خودایە، بەسەر ئاسماندا بەرزببەوە،
با شکۆی تۆ بەسەر هەموو زەوییەوە بێت.
بە دەستی ڕاستت دەربازمان بکە و یارمەتیمان بدە،
بۆ ئەوەی خۆشەویستانت ڕزگاریان بێت.
خودا لە پیرۆزگاکەی خۆیەوە فەرموویەتی:
«بە هاواری خۆشییەوە شەخەم دابەش دەکەم و
دۆڵی سوکۆت1 دەپێوم.
گلعاد هی منە، مەنەشەش هی منە،
ئەفرایم کڵاوی منە،
یەهودا2 داری دەسەڵاتی منە.
مۆئاب3 دەستشۆرمە،
پێڵاوەکەم فڕێدەدەمە سەر ئەدۆم،
لەسەر فەلەستیە هاواری سەرکەوتن دەکەم.»
کێیە دەمباتە شاری قەڵابەند؟
کێیە پێشڕەویم دەکات بۆ ئەدۆم؟
ئەی خودایە، مەگەر تۆ نیت کە ئێمەت ڕەت کردووەتەوە و
ئیتر لەگەڵ لەشکرەکانمان دەرناچیت؟
یارمەتیمان بدە بەرامبەر بە دوژمنەکە،
چونکە ڕزگاری لە مرۆڤەوە پووچە.
لەگەڵ خودا سەرکەوتن بەدەستدەهێنین،
هەروەها ئەوە دوژمنەکانمان دەخاتە ژێر پێ.
Source notes (3)
- Footnote ناوی دوو شاری کۆنە. شەخەم شارێکی شوورابەند بوو لە پاڵ کێوی گریزیم، سوکۆتیش دەکەوتە دووری شەش کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون.
- Footnote گلعاد کوڕی ماکیرە و کوڕەزای منەششێیە و منەششێش نۆبەرەی یوسفە، ئەفرایمیش کوڕی دووەمی یوسفە، یەهوداش کوڕی یاقوبە، بۆیە ئەم ناوانە بوون بە ناوی هۆز و عەشیرەتەکانی ئیسرائیل و هەروەها ناوی شار و ناوچەکانیان.
- Footnote خاکی مۆئابییەکان، دەکەوتە بەشی ڕۆژهەڵاتی دەریای مردوو.
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.