Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

پەندەکانی سلێمان 30

قسەی ئاگور

قسەکانی ئاگوری کوڕی یاقە ئەم سروشە لەخۆ دەگرێت.

ئەم پیاوە بە ئیتیێلی1 ڕاگەیاند:

ئەی خودایە، من شەکەتم،

بەڵام دەتوانم بەسەریدا زاڵ بم.

«من لە هەموو مرۆڤێک دەبەنگترم،

تێگەیشتنی مرۆڤانەم نییە.

فێری دانایی نەبووم و

ناسینی خودای پیرۆزم نییە.

کێ بەرزبووەوە بۆ ئاسمان و هاتە خوارەوە؟

کێ بای لەناو هەردوو لەپی خۆی کۆکردەوە؟

کێ ئاوی لەناو جلدا پێچایەوە؟

کێ هەموو لایەکی زەوی دامەزراند؟

ناوی چییە؟ ناوی کوڕەکەی چییە؟

ئەگەر دەیزانیت پێم بڵێ!

«هەموو وشەیەکی خودا بێگەردە،

قەڵغانە بۆ ئەوانەی پەنای بۆ دەبەن.

هیچ شتێک بۆ وشەکانی زیاد مەکە،

نەوەک سەرزەنشتت بکات و بە درۆزن دەربچیت.

«ئەی یەزدان، دوو شتم لێ داوا کردیت،

لێمی قەدەغە مەکە پێش مردنم:

شتی پووچ و قسەی درۆم لێ دووربخەوە،

هەژاری یان دەوڵەمەندیم مەدەرێ،

بەڵام نانی پێویستی خۆم پێ بدە،

نەوەک تێر بم و نکۆڵیت لێبکەم و

بڵێم: ”یەزدان کێیە؟“

یان نەوەک هەژار بم و دزی بکەم و

ناوی خودای خۆم بێ ڕێز بکەم.

«بوختان بە خزمەتکار مەکە لەلای گەورەکەی،

نەوەک نەفرەتت لێ بکات و تاوانبار بیت.

«نەوەیەک هەیە نەفرەت لە باوکی دەکات و

دایکی پیرۆز ناکات.

نەوەیەک هەیە لە ڕوانگەی خۆی پاکە،

بەڵام خۆی نەشوشتووەتەوە لە پیسوپۆخڵییەکەی.

نەوەیەک هەیە چەند چاو لە هەوراز و

بەرز دەڕوانێت.

نەوەیەک هەیە ددانەکانی شمشێرن و

کاکیلەکانی چەقۆن،

بۆ خواردنی کڵۆڵەکان لەسەر زەوی و

نەدارەکان لەنێو خەڵکی.

«زەروو2 دوو کچی هەیە،

هاوار دەکەن: ”بێنە، بێنە!“

«سێ شت هەن تێر نابن،

چوارەمیش ناڵێت، ”بەسە!“:

جیهانی مردووان و منداڵدانی نەزۆک و

زەوییەک تێر ئاو نەبێت و

ئاگرێک هەرگیز نەڵێت: ”بەسە!“

«ئەو چاوەی گاڵتە بە باوکی بکات و

سووکایەتی بە گوێڕایەڵی بکات بۆ دایک،

قەلەڕەشەکانی دۆڵ هەڵیدەکۆڵن و

بێچووە سیسارکە کەچەڵ دەیخۆن.

«سێ شت هەن زۆر سەیرن بۆ من،

چوارەمیش تێناگەم:

ڕێگای هەڵۆ لە ئاسمان،

ڕێگای مار لەسەر بەرد،

ڕێگای کەشتی لەناو جەرگەی دەریا و

ڕێگای پیاویش لەگەڵ کچ.

«ئەمە هەڵسوکەوتی ژنی داوێنپیسە:

دەخوات3 و دەمی دەسڕێتەوە و

دەڵێت: ”خراپەم نەکردووە!“

«زەوی لەژێر سێ شتدا دەلەرزێت و

لەژێر چوارەمیش ناتوانێت بەرگە بگرێت،

خزمەتکارێک کە بووبێتە پاشا،

گێلێک کە تێر نان بێت،

ئافرەتێک بێ ناز بێت و مێرد بکات،

کەنیزەیەک ببێت بە میراتگری خاتوونەکەی.

«چوار شت هەن لەسەر زەوی بچووکن

بەڵام لە دانایان داناترن:

مێروولەکان بوونەوەرێکی بێهێزن،

بەڵام لە هاویندا خواردنی خۆیان ئەمبار دەکەن.

گۆڕهەڵکەنەکان گیانلەبەرێکی بێ توانان،

بەڵام لەناو بەرد لانەکانیان دروستدەکەن.

کوللەکان پاشایان نییە،

بەڵام هەموویان پۆل پۆل دەجوڵێن.

مارمێلکە بەدەست دەگیردرێت،

بەڵام لە کۆشکی پاشادا دەبینرێت.

«سێ شت هەن هەنگاویان سەنگینە و

چوارەمیش ڕۆیشتنی سەنگینە:

شێر کە پاڵەوانی هەموو گیاندارەکانە،

لە ڕووی هیچ شتێک ناگەڕێتەوە،

کەڵەشێری بە فیز، تەگە،

پاشایەکیش لە سەرکردایەتی لەشکرەکەی.

«ئەگەر گێلایەتیت کرد بە خۆهەڵکێشانت،

یان پیلانی خراپت نایەوە،

دەستت بخەرە سەر دەمت!

چونکە وەک چۆن شیر بهەژێنیت کەرەی لێ دەردەچێت و

لووت بهەژێنیت خوێنی لێ دێت،

تووڕەییش بهەژێنیت ناکۆکی لێ پێدا دەبێت.»

Source notes (3)
  1. Footnote ئیتیێل: بڕوانە نەحەمیا 11‏:7‏ ‏.‏
  2. Footnote زەروو یان زێروو، جۆرە کرمێکی مشەخۆرە، هەروەها لە چارەسەرکردنی نەخۆشی بۆ مژینی خوێن بەکاردێت.‏
  3. Footnote مەبەست لێی جووت دەبێت.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.