Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
پەندەکانی سلێمان 2
سوودی دانایی
ڕۆڵە، ئەگەر قسەکانم وەربگریت،
فەرمانەکانم لەلای خۆت هەڵبگریت،
هەتا گوێ بدەیتە دانایی و
دڵت بدەیتە تێگەیشتن،
ئەگەر بانگی پەیبردن بکەیت و
دەنگ بۆ تێگەیشتن هەڵبڕیت،
ئەگەر وەک زیو داوات کرد و
وەک خشڵی شاردراوە بەدوایدا گەڕایت،
ئەوسا لە واتای لەخواترسی دەگەیت و
ناسینی خودا دەدۆزیتەوە،
چونکە یەزدان دانایی دەبەخشێت،
زانیاری و تێگەیشتنیش لە دەمی ئەوە.
دانایی تەواو بۆ سەرڕاستەکان هەڵدەگرێت و
قەڵغانە بۆ ئەوانەی ڕێگای تەواوەتی دەگرنەبەر،
بۆ چاودێری ڕێچکەی دادپەروەری و
پاراستنی ڕێگای خۆشەویستانی.
ئینجا ڕاستودروستی و دادپەروەری و ڕاستەڕێیی تێدەگەیت،
هەموو ڕێڕەوێکی چاک،
لەبەر ئەوەی دانایی دێتە ناو دڵتەوە و
زانیاریش دەبێتە خۆشی دەروونت،
سەلیقە دەتپارێزێت و
تێگەیشتن چاودێریت دەکات.
دانایی لە ڕێگای خراپەکاران ڕزگارت دەکات،
لەو کەسانەی قسەی خوار دەکەن،
ئەوانەی ڕێچکەی ڕاستیان بەرداوە
تاکو بە ڕێگای تاریکیدا بڕۆن،
ئەوانەی دڵخۆشن بە خراپەکردن،
دڵشاد دەبن بە خواروخێچیێتی خراپە،
ئەوانەی ڕێچکەکانیان چەوتن،
گەوجن لە ڕێڕەویان.
هەروەها دانایی لە ژنی بەدڕەوشت ڕزگارت دەکات،
لە ژنی داوێنپیسی زمانلووس،
ئەوەی وازی لە مێردی گەنجییەتی هێناوە و
پەیمانەکەی لەبەردەم خودای لەبیر کردووە.
بێگومان ماڵەکەی بەرەو خوارەوە دەچێت بۆ مردن و
ڕێڕەوەکانی بەرەو دنیای مردووانە.
هەموو ئەوانەی بچنە لای ناگەڕێنەوە و
ناگەنە ڕێچکەی ژیان.
کەواتە بە ڕێگای پیاوچاکاندا بڕۆ و
ڕێچکەی ڕاستودروستان بپارێزە،
چونکە سەرڕاستان لە خاکەکە1 نیشتەجێ دەبن و
تەواوەکان تێیدا دەمێننەوە،
بەڵام خراپەکاران لە خاکەکە دەبڕێنەوە و
ناپاکانیش تێیدا ڕیشەکێش دەکرێن.
Source notes (1)
- Footnote مەبەستی خاکی بەڵێندراوە بە ئیبراهیم.
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.